وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین لەبارەی وەرگرتنی پارە لە هاوڵاتییان لەلایەن سلێمان هەڵشۆیی و بریكارەكەیەوە روونكردنەوە دەدات و جەختیشدەكاتەوە ئەوە بابەتە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە و تا وەكو ئێستا هیچ كەسێك لە پۆلیس سكاڵای تۆمار نەكردووە.
شۆڕش ئیسماعیل وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبووەتەوە كە گوایە بریكارەكەی سلێمان هەڵشۆیی بەناوی عوسمان هەڵشۆیی جارێكی دیكە بڕە پارەیەكیان لە هاوڵاتییان وەرگرتووە، بەڵام تا وەكو ئێستا هیچ كەسێك لەسەر ئەو بابەتە سكاڵای لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین تۆمارنەكردووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، تا ئێستا ئێمە نازانین كە ئاخۆ عوسمان هەڵشۆیی جارێكی دیكە پارەی لە هاوڵاتییان وەرگرتووە یاخود نا و ئەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە ناتوانین ڕەتبكەینەوە و ئەگەر بابەتێكی لەو شێوەیەش هەبێت دەبێت سكاڵا تۆماربكرێت بۆیە تائێستا هیچ كەسێك سكاڵای تۆمار نەكردووە.
ئەمڕۆ شەممە، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە، گوایە جارێكی دیكە عوسمان هەڵشۆیی بریكاری سلێمان هەڵشۆیی 110 دەفتەر دۆلاریان لە هاوڵاتییان وەرگرتووە و ئەو كەسانەش داوای پارەكەیان دەكەنەوە.