بە هۆی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد هەریەکە لە بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکە و بەڕێوەبەری ئاسایشی فڕۆکەخانە و بەڕێوەبەریی گشتیی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ” محەمەد شیاع سودانی سەردانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدادی کردووە و لەگەڵ وەزیری ناوخۆ و بەرپرسانی ئاسایشی
نیشتیمانی و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری و بریکاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ کاروباری هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی و بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی و بەڕێوەبەریی گشتیی لێکۆڵینەوەی تاوان و سکرتێری فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان کۆبووەوەتەوە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، ” لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە بە دوورخستنەوەی هەریەکە لە بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکە و بەڕێوەبەری ئاسایشی فڕۆکەخانە و بەڕێوەبەری گشتی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی، ئەمەش پاش ئەو دوو ئاگرەی لە فڕۆکەخانەکە کەوتنەوە”.
ئاشکراشی کرد، “محەمەد شیاع سودانی فەرمانی کردووە لێکۆڵینەوەی تەواو لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکان و هۆکاری دووبارەبوونەوەیان لە ماوەی دوو رۆژدا ئاشکرابکەن”.
ئەمە لە کاتێکدایە لە دوو رۆژی رابردوودا ئاگرێکی گەورە لە ناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد کەوتەوە و بەهۆیەوە گەشتە ئاسمانییەکان بۆ ماوەیەک راگیران، بەیانیه ئەمڕۆش جارێکی دیکە ئاگر لە ناو یەکێك لە، هۆڵەکانی فڕۆکەخانەکەدا کەوتەوە.