وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم رایدەگەیەنێت، بەردی بناغەی پرۆِژەیەكی گرنگی و ستراتیژی AGRO TECHمان دانا كە پڕۆژەكە 2500 هەلی كار دەڕەخسێنێت.
بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم بڵاویكردووەتەوە، ئەمڕۆ یەكشەممە لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەردی بناغەی پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی( AGRO TECH )مان دانا كە لەلایەن كۆمپانیای NRCO بە هەماهەنگی حكومەتی ئیماراتی جێبەجێدەكرێت.
وەزیری كشتوكاڵ ئاشكرایكرد، پڕۆژەكە بە گوژمەی چوار ملیار و 305 ملیۆن دینارە و لە قۆناغی یەكەمدا لەسەر ڕووبەری هەزار دۆنم زەوی جێبەجێدەكرێت كە بە تەكنیكی پێشكەوتووی كشتوكاڵی لەسەر شێوازی هایدرۆپۆنیكی و توانای كەمكردنەوەی بەكارهێنانی ئاوی بە ڕێژەی 75%هەیە و دەرفەتێكە بۆ ڕاهێنان و شیاندن و ئامادەكردنی كارمەندان و گرنگیدان بە لێكۆڵینەوەی 12 جۆری كشتوكاڵی.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، پڕۆژەكە ڕۆڵێكی گرنگی دەبێت لە گەشەپێدانی سێكتەری كشتوكاڵی و دابینكردنی ئاسایشی خۆراك و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری كە توانای ڕەخساندنی 2500 هەلی كاری هەیە بۆ جوتیارانی ناوخۆیی و دەرچووانی بەشەكانی كشتوكاڵی و دەبێتە ناوەندێكی گرنگی توێژینەوەی زانستی و فێربوون بۆ خوێندكاران و مامۆستایانی ئەكادیمی.