سەرۆكی یەكێتی سەردانی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان دەكات و رایدەگەیەنێت، ئامادەی هەموو پێشهاتێکی نوێ بن، ئێمەش پاڵپشت و پشتیوانتان دەبین.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستانی کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ جێگری فەرماندە و فەرماندەی فەوجەکانی هێزەكە ستایشی رۆڵی فەرماندە ئاکام عومەری کرد لە بونیادنانی هێزێکی تۆکمە و رێکخراوی وەک کۆماندۆ کە رۆڵێکی بەرچاویان گێڕاوە لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.
وتیشی، “ئێستاش ماندوونەناسانە لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و گەندەڵکاران بەردەوامن و پارێزەری مافی خەڵک و موڵکی گشتین کە ئەمەش جێگەی شانازیی هەموومانە”.
سەبارەت بە فەرماندەی هێزە، بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی، “لە دڵەوە هیوای تەندروستییەکی باش بۆ برام فەرماندە ئاکام دەخوازم تاوەکو بەزووترین کات بگەڕێتەوە ناومان و بەرەو ئامانجی گەورەتر هەنگاوبنێت”.
دەربارەی ئەرک و بەرپرسیارێتیی نیشتمانیی هێزەکانی کۆماندۆ، سەرۆکی یەكێتی بەرچاوڕوونی دایە جێگری فەرماندە، فەرماندەکان و پێشمەرگە قارەمانەکانی هێزی کۆماندۆ کە وەک هەمیشە و بە “رۆحێکی بەرپرسیارانەوە لە ئەرکە سەربازییەکەیان بەردەوامبن و ئامادەی هەموو پێشهاتێکی نوێ بن، ئێمەش پاڵپشت و پشتیوانتان دەبین”.