شەوی رابردوو چالاكوانێكی ئەمریكی لە بەغداد بە دەستڕێژی گولـلە كوژرا و هۆكاری كوشتنەكەی ئاشكرابوو.
ستیڤن ترۆڵ چالاكوانێكی ئەمریكی بوو، لە رێكخراوێكی پەرەپێدان لە عێراق كاریدەكرد و وانەی زمانی ئینگلیزی لە هەمان رێكخراو بە فێرخوازانی عێراقی دەوتەوە، شەوی رابردوو لە ناوچەی كەڕادەی بەغداد لە چەند چەكێكی بێدەنگەوە تەقەی لێكرا و كوژرا.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەڵێت، لێكۆڵینەوەیان لە رووداوەكە دەستپێكردووە و بە دوای سەرەداوی گەیشتن بە تۆمەتبارەكاندا دەگەڕێن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی ئاژانسە نێودەوڵەتییەكانی هەواڵ، لەوانە رۆیتەرز و ئەسۆشییەیتد پرێس بڵاویانكردووەتەوە، چەند چەكدارێك هەوڵی رفاندنی چالاكوانە ئەمریكییەكەیان داوە، بەڵام هەوڵەكەیان شكستیهێناوە و نەیانتوانیوە بیخەنە ئەو ئۆتۆمبێلەی بۆ رفاندنی ناوبراو تەرخانیان كردبوو، لە ئەنجامدا تەقەیان لێكردووە و كوشتوویانە.
تا ئێستا زانیاریی دروست لەبارەی پاڵنەری هەوڵی رفاندنی ستیڤن ترۆڵ ئاشكرانەبووە و نازانرێت مەبەست لە هەوڵی رفاندنی بۆ بەدەستهێنانی پارە بووە، یاخود هۆكاری دیكە لە پشت رووداوەكەوە هەیە.