كۆمپانیای ئەپڵ بەر لە زیاتر لە مانگێك (ئایفۆن 14 پرۆماكس)ی خستەڕوو كە نرخەكەی دەگاتە 1800 دۆلاری ئەمریكی، بەمەش بووە گرانترین مۆبایل لە بازاڕەكاندا، بەڵام ئەم نرخە “هیچ نییە” بەراورد بە نرخی “جۆرە ئاڵتونییەكەی”، كە لەلایەن كۆمپانیای (كافیار)ەوە دیزاین كراوە.
كۆمپانیای (كافیار)، كە بارەگاكەی لە ئیماراتە، ئەم هەفتەیە پەردەی لەسەر جۆری ئاڵتونیی دەگمەنی ئەو جۆرە ئایفۆنە لادا، كە بەشی پشتەوەی بە كاتژمێری (رۆلێكس كۆزمۆگراف دایتونا) و هەشت كریستاڵ رووپۆشكراوە.
رۆژنامەی (دەیلی مەیل)ی بەریتانی دەڵێت، مۆبایلی (دایتونا) لە بازاڕەكاندا خراوەتەڕوو بە نرحی زیاتر لە 135 هەزار دۆلاری ئەمریكی.
كافیار لەسەر پێگە ئەلیكترۆنییەكەی دەڵێت، شارەزایانیان دەیانەوێت بەبەردەوامی ئالنگاریی بەرهەم و كارەكانیان بكەن.. ئەمجارە ئامانجەكە ئایفۆن 14 پرۆماكس بوو.
دەشڵێت، “جۆرە ئاڵتونییەكەی، لەخۆیدا كارێكی هونەرییە.. بە راستی دەستكەوتێكی گەورەیە”، ئاشكراشیكردووە، مۆبایلە نوێیەكەی بەشێوەیەكی سنووردار خستووەتەڕوو، كە تەنها سێ دانە دروستكراوە.
كۆمپانیاكە بە ئامێرە بەناوبانگ و دەگمەنەكانیەوە ناسراوە، پێشتر مۆبایلێكی خستەڕوو كە بە دانی راستەقینەی دایناسۆر (ریكس)ی تەمەن 80 ملیۆن ساڵ ئامادەكرابوو.