لە كاتێكدا داواكاریی جەماوەریی هەیە بۆ پاراستنی سەگە بێلانەكان و دابینكردنی شوێنی تایبەت بۆیان، حكومەت گەورەترین هەڵمەتی كوشتنی سەگی بێلانەی دەستپێكرد.
هەڵمەتەكە لە پارێزگای دیالە دەستپێكراوە و بە گەورەترین هەڵمەتی لەناوبردنی سەگی بێلانە لە دوای ساڵی 2003ـوە دادەنرێت. بەپێی وتەی عیسام خالد كە ئەندامی لیژنەی لەناوبردنی سەگە بێلانەكانە، هەڵمەتەكە بە سێ قۆناغ لە هەموو شار و شارۆچكەكانی پارێزگاكە بەڕێوەدەبرێت.
خالد پاڵنەری بەرپاكردنی هەڵمەتەكە بۆ دوو هۆكار دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، زیاتر لە 130 حاڵەتی پەلاماردانی ژن و منداڵ لەلایەن سەگی بێلانەوە تۆماركراون و مەترسیی سەرهەڵدانی هاریی سەگ لە ئارادایە، بۆیە لە رێگەی ئەو هەڵمەتەوە هەوڵی بەرگرتن لە مەترسییەكان دەدرێت.
بەپێی وتەی ئەندامەكەی لیژنەی لەناوبردنی سەگە بێلانەكان، لە ئەنجامی داواكاریی زۆرێك لە هاوڵاتییان و سكاڵاكانیان بەوەی سەگی بێلانە هەراسانیكردوون، حكومەتی خۆجێیی پارێزگای دیالە ئەو بڕیارەی داوە.