عێراق و دوو وڵاتی تری عەرەبی، هەموو رۆژێك 39 ملیۆن مێرووی باڵدار رەوانەی ئەوروپا دەكەن.
بابەتەكە توێژینەوەیەكی بەریتانی ئاشكرایكرد و دەڵێت، ملیاران مێرووی كۆچبەر لە عێراق و سوریا و سعودیەوە پەڕیونەتەوە بۆ قوبڕس و لەوێشەوە بە دەشتاییەكانی ئەوروپادا بڵاوبوونەتەوە.
وێڵ هۆكس توێژەر لە ناوەندی زانستی ژینگە لە زانكۆی ئیكستەر كە چاودێریی پرۆسەی كۆچی مێرووەكانی كردووە رایگەیاند، مێرووەكان بە كۆمەڵ كۆچدەكەن بۆ ئەوروپا و هێندە بە چڕی رەودەكەن، لە هەر خوولەكێكدا نزیكەی شەش هەزار مێروو روویان لە ئەوروپا كردووە.
بەپێی توێژینەوەكە، لە ماوەی مانگێك و چەند رۆژێكدا هەموو رۆژێك 39 ملیۆن مێرووی باڵدار لە عێراق و سوریا و سعودیەوە روویان لە نیمچەدوورگەی كارپاس لە قوبڕس كردووە، رێژەی 86%ی مێرووەكان لە جۆرە جیاوازەكانی مێروولە بوون و ئەوانی دیكەش مێرووی باڵدار بوون.