لە ئێستادا زۆرینەی خانمان ئارەزووی خاوکردنەوە و بریقەدارکردنی قژیان دەکەن لە رێگەی بەکارهێنانی چەند بەرهەمێکی وەک کیراتین و جۆرەکانی، بەڵام توێژینەوەیەکی ئەمریکی زیانەکانی ئاشکرا دەکات.
توێژینەوەکە بە سەرپەرشتی پەیمانگەی نیشتیمانی ئەمریکا ئەنجامدراوە کە تێیدا 33 هەزار خانم لە نێوان تەمەنی 35 – 74 ساڵ لە سەرجەم ویلایەتەکانی ئەمریکا بەشداریان تێدا کردووە و ماوەی 10 ساڵی خایاندووە، سەلماندوویەتی رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجەی پەردەی ناوپۆشی منداڵان%4 لەو ژنانەدا زیاترە کە بەرهەمەکانی خاوکردنەوەی قژلە چوار جار یان زیاتر لە ساڵێکدا بەکاردەهێنن بەراورد بەو ژنانەی کە ئەو جۆرە بەکارناهێنن و رێژەکە لە ناویاندا %1.64 ە.
توێژەران ئاشکرایان کردووە، “ئەو خانمانەی بەرهەمەکانی جوانکاری قژ بەکاردەهێنن بە ڕێژەی %155 ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجە هەیە”.
هاوکات ئاماژەیان بەوەش کردووە، “رێژەی %60 ی ئەو خانمانەی بەرهەمەکانی خاوکردنەوەی قژ بەکاردەهێنن پێست ئەسمەرەکانن، چونکە زۆرترینی کەسانی قژ لوول و وشک لە ئەوانن، هەر بۆیە رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجەی پەردەی ناوپۆشی منداڵان بەرزترە تێیاندا”.