حەوت جۆر خواردن یارمەتیی کەمکردنەوەی مەترسیی سستبوونی دڵ دەدەن

لە توێژینەوەیەکی نوێدا کە لە گۆڤاری (تایمز ئۆف ئیندیا) بڵاوکراوەتەوە، ناوی حەوت خۆراکی جیاواز و دەوڵەمەند بە پۆتاسیۆم هێنراوە، کە بۆ تەندروستیی دڵ بەسوودن.

لە توێژینەوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، خواردنی ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە پۆتاسیۆم، مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ تا رادەیەکی زۆر، کەمدەکەنەوە و لێدانی دڵ رێکدەکەنەوە.

ئەوەش هاتووە، پۆتاسیۆم کانزایەکی گرنگە کە یارمەتیی جەستە دەدات، ئاستی شلە هاوسەنگ بکات بە لابردنی سۆدیۆمی زیادە و رێکخستنی لێدانی دڵ و کۆنتڕۆڵکردنی پەستانی خوێن.

ئەو خواردنانەی کە لە توێژینەوەکەدا خراونەتەڕوو و دەوڵەمەندن بە پۆتاسیۆم، ئەمانەی خوارەوەن:

1- ئەڤۆگادۆ

فشاری خوێن کەمدەکاتەوە و یارمەتیی هەرسکردن دەدات؛ باشترین کاتیش بۆ خواردنی، ژەمی بەیانییان، یاخود پاشنیوەڕۆیە.

2- مۆز

لە هەر مۆزێکی قەبارە مامناوەند، نزیکەی 330 میلیگرام پۆتاسیۆم هەیە و بەسوودە بۆ تەندروستیی دڵ؛ باشترین کات بۆ خواردنی، پاش وەرزشکردن، یاخود لە ژەمی بەیانیاندا.

3- سپێناخ

لە هەر 80 گرامێکدا، بە نزیکەیی 545 میلیگرام پۆتاسیۆم هەیە و دەتوانرێت بە شێوەی زەڵاتە، یان لە شۆربادا بەکاربهێندرێت بۆ خواردن؛ باشترین کات بۆ خواردنی، لە ژەمی نیوەڕۆ یان ئێوارەدا.

4- پەتاتەی کوڵاو

پەتاتەیەکی مامناوەندی کوڵاو بە توێکڵەوە، نزیکەی 926 میلیگرام پۆتاسیۆمی تێدایە و زانایان پێشنیاردەکەن، لەجیاتیی ئەوەی بە شێوازی سوورکراوە بخورێت، بە کوڵاوی بخورێت بەهۆی ئەوەی دەوڵەمەندە بەو ماددە خۆراکییانەی کە یارمەتیی رێککردنەوەی پەستانی خوێن دەکەن؛ باشترین کات بۆ خواردنیشی، ژەمی ئێوارەیە.

5- ماسی

ماسی بڕێکی زۆر لە پۆتاسیۆم و ئۆمیگا 3ـی تێدایە کە یارمەتیی رێککردنەوەی لێدانی دڵ دەدات و لەگەڵیشیدا، دڵ دەپارێزێت لە نەخۆشی؛ باشترین کات بۆ خواردنی، ژەمی ئێوارانە.

6- نیسک

بەهۆی بەرزیی رێژەی پۆتاسیۆم و سوودەکانی بۆ رێککردنەوەی پەستانی خوێن، هەمیشە لە توێژینەوەکاندا ناوی نیسک دەهێندرێت؛ باشترین کات بۆ خواردنی، ژەمی نیوەڕۆ یان ئێوارەیە.

7- چەوەندەر

یارمەتیی زیادکردنی پۆتاسیۆم، ریشاڵ و ماددە خۆراکییەکانی کەمکردنەوەی هەوکردن، دەدات؛ باشترین کات بۆ خواردنی، ژەمی نیوەڕۆ یان ئێوارەیە.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

کۆرۆنا ناوەندە پیشەسازییەکانی چین پەکدەخات.. ئەمریکا فەرمانی چۆڵکردنی بەپەلەی بە کارمەندەکانی دا

دوای شەنگەهای کە ڕووبەڕووی خراپترین شەپۆلی کۆرۆنا بووەتەوە لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە، دوێنێ دووشەممە چین لە شاری گوانچۆ گەورەترین…
Total
0
Share