راپۆرتێكی ئەمریكی، تەشەنەسەندنی بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەری جۆری كریستاڵ و بەكارهێنانی لە عێراق دەخاتەڕوو و سەرچاوەكەی ئاشكرادەكات.
ڕۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویكردەوە، بڕێكی زۆری كریستاڵ لە ئێران و ئەفغانستانەوە رەوانەی عێراق دەكرێت و بەسڕە دەروازەی سەرەكیی گەیشتنی ئەو ماددە هۆشبەرە بە عێراقە.
راپۆرتی رۆژنامەكە دەڵێت، ژمارەی ئالوودەبووانی ماددەی هۆشبەر لە عێراق زیادیكردووە و بە “پەتایەكی تەشەنەسەندوو” ناویدەبات و ئاشكرایكردووە، گەنجان لە بێدەرەتانی و بێكاری و هەژاریدا، پەنادەبەنەبەر بەكارهێنانی كریستاڵ و بەوەش هێندەی تر خۆیان گرفتاردەكەن.
واشنتن پۆست هەوڵەكانی حكومەت و هێزە ئەمنییەكان لە بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر بەوە ناودێردەكات كە وەك پێویست نین و باسی ئەو دادوەر و فەرماندە ئەمنی و ئەفسەرانە دەكات، كە بەهۆی لێكۆڵینەوەكردنیان لە دۆسیەكانی بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر لە لایەن باندەكانەوە كوژراون.