لە ماوەی یەک هەفتەدا لە دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران دەستبەسەر پێنج پاسپۆرتی ساختەدا گیرا، کە مۆری هاتنە ناوەوەی ساختەیان پێوە بووە.
ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران، ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردەوە، “لەماوەی یەک هەفتەدا لەلایەن بنکەی نشینگە و پاسپۆرتی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، دەستگیراوە بەسەر پێنج پاسپۆرتی تەزویركراو، کە ھەڵگری رەگەزنامەی تورکی و سووری بوون و دەیانەویست لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران تێپەرببن بۆ لای ئێران”.
ئاشکراشیکرد، “ھەڵگرانی ئەو پێنج پاسپۆرتە، نەک تەنیا پاسپۆرتیان تەزویر بووە، بەڵکو مۆری ھاتنیان ساختە کردبوو و لە پاسپۆرتەکانیان دابوو، بەڵام لە لایەن کارمەندانی بنکەی نشینگە و پاسپۆرتی حاجی ئۆمەران، پاش ووردبینی کردن و لێکۆڵینەوە توانیان پاسپۆرت و مۆری ساختە دیاری بکەن”.
ئەمساڵ ئەوە چەندین جارە پاسپۆرت و مۆری جیاجیای ساختە لە لایەن کارمەندانی بنکەی نشینگە و پاسپۆرتی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران لە خاڵی پشکنینی پاسپۆرت، دەستیان بەسەردابگرن.