وەك چاوەڕێ دەکرا پێکدادانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە شوێنێکدا هەر ڕوبدات، ئێستاش بەهۆی ئەوەی سوپای عێراق دەیەوێت لە پارێزگای ئەنبار تەنها ئاڵای عێراق لە هەندێک فەرمانگە و ناوەندا هەڵبواسترێت گرژی توند کەوتووەتە نێوان سوپا و حەشدی شەعبییەوە.
سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق ڕایدەگەیەنن حەشدی شەعبی لە دوای ئەوەی سوپا هەوڵیداوە دروشم و ئاڵاکانیان لە هەندێک شوێن لاببات کەوتونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و لە هەندێک شوێنی پارێزگاکەش کرداری بێزارکەر لە دژی سوپای عێراق دەنوێنن.
گرژییەکە لە هەڕەشەی بڕینەوەی دەستەوە دەستیپێکرد
سوپای عێراق هەوڵیدا لە پارێزگای ئەنبار دروشم و وێنەکانی حەشدی شەعبی لاببات فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی بەناوی “عەلی جەواد مزەفەر” ناسراو بە “ئەبو زەید” تەلەفونی بۆ لیوا ڕوکن – ناسر غەنام، فەرماندەی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای ئەنبار کرد و هەڕەی ئەوەی لێکردووە کە ئەگەر سوربێت لەسەر لێکردنەوە و لابردنی دروشمەکانی حەشدی شەعبی ئەوا “دەستی دەبڕێت”.
لە دوای بڵاوبوونەوەی تۆماری دەنگی هەڕەشەکەی ئەبو زەید لەو فەرماندەیەی سوپای عێراق، حەشدی شەعبی لە پارێزگاکە کەوتووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و لە ڕێگەی چەکەوە پارێزگاری لە هەندێک دروشم و وێنەی خۆیان دەکەن لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکان.
دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارێکی دەنگی کە تیایدا فەرماندەیەكی هێزەکانی حەشدی شەعبی، هەڕەشە لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی ئەنبار دەکات، مستەفا كازمی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بڕیاریدا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ بەدواداچوون لەو بابەتە پێكبهێنرێت.
لەسەر هەمان پرس مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و لە هەمان کاتدا فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراقیشە، لیژنەیەکی لیکۆڵینەوەی لە وەزارەتی بەرگری، هەواڵگری سەربازیی و ئاسایشی نیشتمانی و ئاسایشی حەشدی شەعبی پێكهێناوە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و دیاریکردنی هۆکارەکانی دروستبوونی ئەم گرژییە.