حكومەتی بەحرەین ڕایگەیاند، “بەكارهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا-ی کۆمپانیای فایزەر – بایۆن تێک لە بەحرەین ڕێگەپێدراوە و بۆ خەڵكی وڵاتەكەیان بەكاریدەهێنن.”
بە گوێرەی میدیای بەحرەین، حكومەتی ئەو وڵاتە ئەمڕۆ هەینی 4ی كانونی یەكەم ئاشكرایكردووە كە بەكارهێنانی ڤاكسینەكەی كۆمپانیای فارز-ی ئەمریكی لە بەحرەین ڕێگەپێدراوە و بەحرەین دەبێتە دووەم وڵات كە ئەو ڤاكسینە بۆ هاوڵاتییەكانی بەكاربهێنێت.
ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، بەریتانیا خۆی وەك یەکەم وڵاتی جیهان بۆ بەكارهێنانی ڤاکسینی کۆمپانیای فایزەر – بایۆن تێک ڕاگەیاند.
هەمان ڕۆژ حکومەتی بەریتانیا ڕایگەیاند، “حکومەت ڕەزامەندی دا لەسەر ڕاسپاردەی ئاژانسی سەربەخۆیی بۆ ڕێکخستنی دەرمان و بەرهەمەکانی چاودێریی تەندروستی بەریتانیا ناسراو بە (MHRA) بۆ پەسەندکردنی ڤاکسینی کۆرۆنای کۆمپانیای فایزەر – بایۆن تێک و لە هەفتەی داهاتووەوە ڤاکسینەکە لە سەرتاسەری بەریتانیا-دا دابەشدەکرێت.”
مانگی ڕابردوو، بەحرەین ڤاكسینی سینوفارم-ی بەكارهێنا بۆ ئەو كارمەند و فەرمانبەرانەی كە لە هێڵەكانی پێشەوەی شەڕی دژ بە كۆرۆنا-دان.