قوباد تاڵەبانی بۆ کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا:
کۆمپانیا ئەمریکییەکان وەبەرهێنانی زیاتر لە هەرێمدا بکەن

قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە هەولێر پێشوازیکرد لە ئێرڤن هیکس کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکدا بارودۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئەمریکا بە تایبەت لە بواری بازرگانی تاوتوێکران.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی (ی. ن. ک) لە هەولێر بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی و کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا، بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق-یان باسکرد و بە ئاماژەدان بە مەترسییەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسیی عێراق، هەردوولا هاوڕابوون بە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان چارەسەری گونجاو بۆ کێشەکان بدۆزرێتەوە، بە شێوەیەک ڕێگەنەدرێت ناکۆکییەکان وڵات بەرەو ناسەقامگیری زیاتر ببەن.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، گرنگیی بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئەمریکا لە هەموو بوارەکاندا باسکرا و لەمبارەیەوه سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال داوایکرد پەرە بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوولا بدرێت بە جۆرێک هانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بدرێت وەبەرهێنانی زیاتر لە هەرێمدا بکەن و پەیوەندیش لە نێوان ژوورە بازرگانییەکانی هەرێم و ئەمریکا دروستبکرێت.

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا پشتگیریی تەواوی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە و ستایشی هەوڵەکانی قوباد تاڵەبانیشی کرد بۆ بەگژداچوونەوەی توندوتیژیی خێزانی و داواشی لێکرد لەو بوارەدا بەردەوامبێت و ڕۆڵی کاریگەر و ئەرێنیی خۆی بگێڕێت.

بابەتی پێشتر

تەندروستی جیهانی هۆشداری لەبارەی شروبی کۆکە دەدات

بابەتی دواتر

کەسێک بە تۆمەتی ڕێگریكردن لەهاوڵاتییان دەستگیرکرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share