قوباد تاڵەبانی: تا ئەبەد قەرزاری مامۆستایانین و داوای لێبوردنیان لێدەکەین

جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم پێشوازی لە ژمارەیەك مامۆستا دەكات و ڕایدەگەیەنێت، “تا ئەبەد قەرزاری مامۆستایانین و داوای لێبوردنیشیان لێ دەکەین”.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لە ڕۆژی جیهانیی مامۆستادا بە شانازییەکی زۆرەوە شەرەفمەندبووم پێشوازیم کرد لە چوار مامۆستای دڵسۆز و خەمخۆر، مامۆستایان؛ (جەمیلە سابیر قادر، عەبدولخالق محەمەد عەلی، عەلی عەبدوڵا ساڵح و ئیسماعیل خۆشناو) و وەک نمونەی هەموو مامۆستا دڵسۆزەکانی کوردستان خەڵاتی ڕێزلێنان و چەپکە گوڵی خۆشەویستیمان پێشکەشکردن.

لە پەیامێكیشدا قوباد تاڵەبانی وتی، “ئەو چوار مامۆستا ئازیزە و مامۆستایانی دیكە نمونەی مامۆستای دڵسۆزن کە چەند دەیەی تەمەنیان خەمخۆرانە نەوە دوای نەوەیان پەروەردە کردووە، هەربۆیە ویستمان لەڕێگەی ئەوانەوە پەیامی ڕێزلێنان ئاراستەی هەموو مامۆستایانی کوردستان بکەین کە لە سەختترین کاتەکاندا و لە سەردەمی قورستترین قەیرانەکاندا بەرگەیان گرت و نەیانهێشت کەرتی پەروەردە بوەستێت”.

جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم ئەوەشی وت، “ئێمە تا ئەبەد قەرزاری مامۆستایانین و داوای لێبوردنیشیان لێ دەکەین کە نەمانتوانیوە وەکو پێویست وەڵامی چاکە و دڵسۆزی و بەخشەندەییان بدەینەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە بە هەموو توانامانەوە کاردەکەین بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانیان”.

دووپاتیشیدەكاتەوە، پێشموایە وەک حکومەت ڕەنگە باشترین وەڵام بۆ چاکە و بەخشندەیی مامۆستایان ئەوەبێت، زەمینە و دەرفەت بڕەخسێنین بۆ ئەو نەوانەی ئەوان پەروەردەیان کردوە تا بە باشترین شێوە خزمەتی وڵاتەکەیان بکەن.

 

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

کارەبای سلێمانی هاوڵاتییان ئاگاداردەکاتەوە

کارەبای سلێمانی لەبارەی پسوڵەوە هاوڵاتییان ئاگاداردەکاتەوە. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئاگاداری هاوڵاتییانی سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان دەکەینەوە،…
Total
0
Share