ڕێوڕەسمی پێنجەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال لە هەولێر بەڕێوەچوو

ڕێوڕەسمی پێنجەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال لە هەولێر بە بەشداری بەرپرسانی حكومی و حزبی عێراق و هەرێمی كوردستان لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ ڕێوڕەسمەكە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە هەولێر بە بەشداریی ژمارەیەكی زۆر لە سەرۆك و سەركردەی لایەنە سیاسییە عیراقییەكان و باڵیۆز و دیپلۆماتكاران لەنێویاندا بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد.

لەمیانەی ڕێوڕەسمەكەدا بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق وتارێكی پێشكەشكرد و ڕایگەیاند، “مایه‌ی سه‌ربه‌زیمانه‌ ئه‌مڕۆ پێكه‌وه‌ له‌ حزوری ڕۆحی به‌رزه‌فڕی سه‌ركرده‌ی مه‌زنی گه‌له‌كه‌مان كۆبوینه‌ته‌وه‌، له‌ ڕاستیدا مام جه‌لال به‌ ته‌نها سه‌رۆك و بیرمه‌ندێكی سیاسی نه‌بوو، به‌ڵكو ڕێبه‌رێكی هه‌ره‌ دره‌وشاوه‌ی داهێنه‌ری شۆڕشی نوێ و له‌ هه‌مانكاتیشدا پێشمه‌رگه‌یه‌كی دێرین و دانه‌بڕاوی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كوردستان و دیموكراتخوازی هه‌ره‌راستگۆی ناو بزوتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی عێراقیش بو، مام جه‌لال بۆ خوێندكاره‌كانی مامۆستا و بۆ هاوڕێكانی سایه‌ و سێبه‌ری وه‌فا بوو، له‌گه‌ڵ شۆڕشگێڕه‌كان پێشمه‌رگه‌ بوو، له‌گه‌ڵ نوسه‌ران و ڕوناكبیران داكۆكیكارێكی نه‌گۆڕی ڕای سه‌ربه‌ست و ئازادی بیركردنه‌وه‌ و بیروباوه‌ڕ بووه‌”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، “مام جه‌لال نمونه‌یه‌كی هه‌ره‌ باڵای نه‌ریتی وشه‌ به‌ وشه‌ی نوسین به‌ نوسین وه‌ڵام ده‌درێته‌وه‌، خه‌سڵه‌ته‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی مام جه‌لال لێبورده‌یی و دادپه‌روه‌ری و جوامێری و مرۆڤدۆستی و به‌هاناوه‌چونی هه‌ژاران و بێنه‌وایان و داڵده‌دانی ئاواره‌ و ده‌ربه‌ده‌ران خه‌سڵه‌تێكی هه‌ره‌زیندون كه‌ وه‌ك سه‌رمایه‌كی گه‌وره‌ی ڕه‌مزی به‌جێماون بۆ مان، كه‌ مایه‌ی شانازی و شاهێدی دۆست و دوژمنن”.

بەرهەم ساڵح وتیشی، “له‌ حزوری ڕێبه‌ری مامی زیندوو و مامۆستاماندا به‌ ئه‌وپه‌ڕی هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیارێتییه‌وه‌ دوپاتیده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌م دۆخه‌ دژواره‌ و ئه‌گه‌ری باهۆزی گۆڕانكاریه‌كان پێویست ده‌كات چاوه‌ڕوانی گه‌له‌كه‌مان به‌ ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێ نه‌سپێرین، ناكرێت له‌ ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی ئاڕاسته‌كراوی ئه‌مڕۆوه‌ مامه‌ڵه‌بكه‌ین، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ پێویستییه‌كانی سه‌رانسه‌ری كۆمه‌ڵگه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ین و پێویستمان به‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوانمان هه‌یه‌”.

دواتر مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق وتارێكی پێشكەشكرد و ڕایگەیاند، “ئه‌مڕۆ كه‌ یادی مام جه‌لال ده‌كه‌ینه‌وه‌، وڵات پێویستی به‌ سه‌بر و ئارامی و داناییه‌كه‌ی هه‌یه‌ له‌ نزیككردنه‌وه‌ی بۆچوونی نێوان لایه‌نه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ی متمانه‌ له‌نێوانیاندا”.

وتیشی، “ئه‌مڕۆ ئه‌و یاده‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌ قه‌یرانێكی سیاسیداین، ئێستا زمانی خیانه‌تكردن باڵاده‌ستتره‌ له‌ زمانی دیالۆگكردن، ئێمه‌ پێویستمان به‌و زمانه‌یه‌ كه‌ سه‌رۆك تاڵه‌بانی كاری پێده‌كرد، له‌ هه‌موو وێستگه‌كانی ژیانمدا شایه‌تی ئه‌وه‌ ده‌ده‌م له‌كاتی ئۆپۆزسیۆنی دژی ڕژێمی دیكتاتۆر و له‌ بواری ڕۆژنامه‌وانی و مافه‌كانی مرۆڤ تا ده‌گاته‌ ئه‌م قۆناغه‌، گرنگی به‌شكۆی عێراقیه‌كان و ماف و پڕه‌نسیپی دادگه‌ری ده‌دا، ئێمه‌ یادی مام جه‌لال ده‌كه‌ینه‌وه‌ ماوه‌یه‌كی زۆر خه‌باتی له‌پێناو ئازادی و دیموكراسیدا كرد، ناسنامه‌كه‌ی دیاریكردبوو كه‌ كاركردن بوو له‌پێناو نیشتمان و مرۆڤایه‌تی و دادپه‌روه‌ری”.

مستەفا كازمی ئەوەشی وت، “نه‌بوونی مام جه‌لال كاریگه‌ریی زۆری له‌سه‌ر ئه‌م قه‌یرانه‌ سیاسیه‌ی ئێستا هه‌یه‌ دروستكردووه‌، به‌گشتی كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر عێراقیه‌كان دروستكردووه‌، له‌ ڕۆژانی قه‌یرانه‌كان كاری ده‌كرد بۆ كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی متمانه‌ بگێڕنه‌وه‌ و گفتوگۆ بكه‌ن، به‌جۆرێك بوو به‌رژه‌وه‌ندیی نیشتمانی سه‌رووی به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌سكی حزبایه‌تی بوو، نه‌خشه‌ڕێگای هه‌بوو بۆ هه‌موو دۆخه‌كان و چاره‌سه‌ری بۆ هه‌موو دۆخه‌ سه‌خته‌كان هه‌بوو، بۆیه‌ له‌ده‌ستمان چوو، ئێمه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ڕێبازه‌كه‌ی ده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ گه‌یشتن به‌چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كان و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و بنیادنانی ده‌وڵه‌تێكی دامه‌زراوه‌یی كه‌ خزمه‌تی هه‌موولایه‌ك بكات جگه‌ له‌ خزمه‌تی تاك، جه‌خت له‌سه‌ر دیالۆگ ده‌كه‌ینه‌وه‌، پێویسته‌ له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ لایه‌نه‌كان دانیشن تاوه‌كو ترسه‌كان بڕه‌وێنینه‌وه‌ و چاره‌سه‌ری ناكۆكیه‌كان بكه‌ین له‌پێناو بنیادنانی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی عێراقیه‌كان”.

هاوكات نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە وتارێکدا کە لە ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال پێشكەشیكرد، ڕایگەیاند، “بەڕێز و شکۆوە یادی مام جەلال دەکەینەوە، ئێمە بە درێژایی ئەم چەند ساڵە و دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال و دوورکەوتنەوەی لە کاری سیاسی هەستمان بەو بۆشاییە کردووە کە لە نەبوونیدا دروستبووە”.

وتیشی، ”ڕۆحی مام جەلال بۆ لای خوا گەڕایەوە، بەڵام ڕێز و خۆشەویستی ئێمە بۆی دەمێنێتەوە”.

نێچیرڤان بارزانی باسیلەوەشکرد، ”زۆر دەستکەوت بۆ گەلی کورد بەدەستهاتوون، کە هەمووی بەهۆی برایەتی سەرۆک مام جەلال و لایەنەکانەوە بوون”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “مام جەلال زۆر بە پەرۆش بوو بۆ تەبایی نێوان پارتی و یەکێتیی، ئەو چەندین جار بە منی دەوت گەر کات بگەڕایاتەوە دواوە، هەرگیز نەمدەهێشت شەڕی ناوخۆ دروستبێت، دواتریش ئەمەی بە ڕاگەیاندنەکان وت”.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا سەرۆكی هەرێم وتی، ”دوای ڕێککەوتنی ستراتیژی نێوان یەکێتی و پارتی زۆرترین هەڵبژاردن ئەنجامدراوە، چەندین زەمینەی دامەزراندنی دەوڵەت و فەرمانگەکان و دروستبوونی ئۆپۆزسیۆن دروستبوون، سنوورەکانی دوو ئیدارەیی کاڵبوونەوە، هێزی کوردستانیان لە عێراق و ناوچەکە بەهێزتر کرد”.

ڕوونیشیکردەوە، ”بە نەمانی مام جەلال کۆڵەکەیەکی تەوافوقی سیاسی لە عێراق داڕما، هیوادارم ئەم رێوڕەسمە و ئەم یادە ڕێگەیەک بێت بۆ رێکەوتنی لایەنەکان، داوایان لێدەکەم بەهەمان دڵگەرمی دابنیشن و کێشەکان چارەسەر بکەن، سازشکردن لەپێناو خۆشبەختی گەلدا سەرکەوتنە نەک شکست”.

لە كۆتایی ڕێوڕەسمەكەشدا قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری مەكتەبی سكرتارییەتی سەرۆك مام جەلال ڕایگەیاند، “مام جەلال تێكۆشەرێك بوو هەموو ژیانی خۆی تەرخانكرد لە پێناو ئاشتی و ئازادی و مافی مرۆڤ و یەكسانی و دیموكراسیدا، ڕێبازێكی بۆ بەجێهێشتووین كە ئەگەر لێیبكۆڵینەوە، لە كاتە هەرە سەختەكاندا ڕێنیشاندەرمانە”.

وتیشی، “بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكان دەتوانین سوود لە هەنگاوەكانی مام جەلال وەربگرین. بۆ ئێمە مام جەلال قوتابخانە و ئەزموون و ڕێنیشاندەرە، ئەمڕۆ كە ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری و كێشەی سیاسی و ئەمنی و ئابوری و كۆمەڵایەتی بووینەتەوە، لە هەموو كات زیاتر پێویستیمان بە گەڕانەوەیە بۆ بنەماكانی پێكەوەژیان و سازان كە مام جەلال پەیڕەویدەكردن”.

قوباد تاڵەبانی هیوایخواست یادی مام جەلال هەمووان نزیكبكاتەوە لە یەكتری و وتی، “با سوود لە ئەزموون و ڕێبازی سەرۆك مام جەلال وەربگرین و لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییەدا بین”.

بابەتی پێشتر

هاتوچۆی عێراق کارکردنی بە گرێبەستی ئەلیکترۆنی دواخست

بابەتی دواتر

مستەفا کازمی: عێراق لەم دۆخەی ئێستادا پێویستی زۆری سەرۆک مام جەلالە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share