وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و بازرگانیی هەرێم بێ ئاگان لەو بڕە گەنمەی عێراق دەیکڕێت

حکومەتی عێراق لە هەوڵی کڕینی 300 هەزار تۆن گەنمدایە لە دەرەوەی وڵات، ئەوەش بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتییەی لە بەرهەمی ناوخۆدا هەیە، سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لەو بڕە گەنمە هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانیی هەرێمی کوردستان بێ ئاگایی خۆیانیان پیشاندا.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا حوسێن حەمە کەریم وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەر گەنمێک کە عێراق دەیکڕێت بەمەبەستی کردنیەتی بە ئارد و بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆیە لە بەرهەمی ئارد.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ئاردەی لە بەشەخۆراکدا دابەشدەکرێت لەو گەنمە دروستدەکرێت کە حکومەتی عێراق لە بەرهەمی ناوخۆ و لە دەرەوە هاوردەی دەکات، بۆیە هەرێمی کوردستانیش لە بەشەخۆراکی مانگانەدا پشکی هەیە و بەوشێوەیە پێیدەگات.

سەبارەت بە گرێبەستەکە وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ بێ ئاگایی وەزارەتەکەی پیشاندا و وتی، “ئاگاداری گرێبەستی لەوجۆرە نین”.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی بارزگانیی هەرێمی کوردستان کە لە کڕین و هاوردەکردنی گەنمدا پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی عێراق هەیە بێ  ئاگایە لە گرێبەستی کڕینی گەنم لەلایەن عێراقەوە بۆ ئەوەش فەتحی محەمەد وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کورردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “عێراق ساڵانە بودجەی تایبەت تەرخان دەکات بۆ کڕینی گەنمی ناوخۆ و هاوردەکردنیشی لە دەرەوە، گەنمی جوتیارانی ناوخۆ وەردەگیرێتەوە بە هەرێمی کوردستانیشەوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو بڕە گەنمەی بڕیارە عێراق بیکڕێت “ئێمە لێی ئاگادار نین”، بەڵام هەرێمی کوردستان ساڵانە وەک بەشێک لە عێراق پشکی خۆی هەیە و هەر گەنمێک چ هاوەردەبکرێت یان بەرهەمی ناوخۆ بێت هەرێمی کوردستانیش پشکی تێیدا هەیە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، ساڵانە عێراق پێویستی بە نزیکەی پێنج ملیۆن تۆن گەنم ھەیە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ، هەروەها پێویستیی مانگانەی گەنم بۆ یەک بەشەخۆراکی ئارد نزیکەی 450 هەزار تۆن دەبێت.

بابەتی پێشتر

بەهۆی ناڕازیبوونی لیز ترەس، پادشای بەریتانیا بەشداری لە لوتکەی ئاووهەوا ناکات

بابەتی دواتر

نرخی ئەمپێری کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان دیاریکرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share