وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، ئەو ماتۆڕسكیلانەی بە یاسایی هاوردەدەكرێن و مەنەفێستی هەرێمی كوردستانیان هەیە تابلۆیان پێدەدرێت و هیچ گرفتێكیان نییە و دەشڵێت، “ئەوانەی دەستیان بەسەردا دەگیرێت لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە بە نایاسایی هاوردەكراون”.
ڕائید فازڵ حاجی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ڕێنمایی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم تایبەت بە هاوردەكردنی ماتۆڕسكیل هەیە و كار بەو ڕێنماییانە دەكرێن و ئەگەر مەنەفێستی هەرێمی كوردستانی هەبێت ماتۆڕسكیلەكە تابلۆی پێدەدرێت و هیچ گرفتێكی نییە، بەڵام بەشێك لەو ماتۆڕسكیلانە بە نایاسایی هاوردەدەكرێن و مەنەفێستی هەرێمی كوردستانیان نییە.
وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر دڵنیایی دا، وتيشي، “ئەو ماتۆڕسكیلانەی مەنەفێستی هەرێمی كوردستانیان هەیە تۆماردەكرێن و تابلۆیان پێدەدرێت، بەڵام بەشێكی هاوڵاتییان ئەو ماتۆڕسكیلانە دەكڕن كە بە نایاسایی هاوردەی هەرێمی كوردستان كراون”.