دۆخی ئەمنیی بەغداد ناجێگیرە، لایەنگرانی سەدر ئاماژە بۆ پێكدادانی چەكداری دەكەن و “هێزە ئەمنییەكان لە ئامادەباشیدان”.
وەك لە وێنەكاندا دەردەكەوێت، هێزە ئەمنییەكان بۆ ڕێگریكردن لە چوونی لایەنگرانی ڕەوتی سەدر بەرەو ناو ناوچەی سەوز وەستاون و لە ئەركدان. دیمەنەكان كەمێك لەمەوبەرن و هاوكاتن لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بەشێك لە چەكدارانی سەرایا سەلام باڵی سەربازیی ڕەوتی سەدر لە چەند ناوچەیەكی بەغداد.
جگە لە خۆپیشاندان، لە بەغداد ترس لە پێكدادانی چەكداری و ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی نێوان چەكدارانی سەرایا سەلام و هێزە ئەمنییەكان هەیە، بەو پێیەی بەشێك لە لایەنگرانی ڕەوتی سەدر و تەنانەت سەركردەكانیان لەوانە موهەنەد عەلی كە فەرماندەیەكی سەربازیی سەرایا سەلامە و بە یەكێك لە نزیكەكانی موقتەدا سەدر ناسراوە، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ئاماژە بۆ چەكهەڵگرتن و ڕووبەڕووبوونەوەی چەكداری لەگەڵ هێزە ئەمنییەكاندا دەكەن.