ئەندامێكی پێشووی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، هەر بزوتنەوەیەكی جەماوەری لەكاتی پێویستدا دەبێت هەڵوێستی هەبێت نەك لەگەڵ دەسەڵات ڕێكبكەوێت بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و دەشڵێت، “پێشتر گۆڕان دژی پێشێلكردنی سەروەریی یاسابووە”.
عەبدولرەحمان موهەندیس، ئەندامی پێشووی جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “خەڵك متمانەی بە پەرلەمان بۆ چوار ساڵ داوە و ناكرێت پەرلەمانتاران خۆیان بچن تەمەنی پەرلەمان درێژبكەنەوە و پێشتر پەرلەمانی عێراق بە نیازبوو تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە دادگای فیدراڵیی عێراق بە نایاسایی لەقەڵەمیدا”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، پێشتر گۆڕان بزوتنەوەیەكی جەماوەری بووە و دژی پێشێلكردنی سەروەریی یاسابووە و پشتی بەستووە بە هەڵوێستەكانی كە دەبێت لە كاتی پێویستدا لەگەڵ جەماوەربێت و هەڵوێستی هەبێت نەك لەگەڵ دەستەڵات كار بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بكات.