جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لەگەڵ یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریكا كۆبووەوە و ڕایدەگەیەنێت، بە ئیمزاکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی سەربازی قۆناغێکی نوێ لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێم و ئەمریکا دەستپێدەکات.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ لە هەولێر لەگەڵ سێلێست واڵندەر، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی كۆبووەوە و تیایدا گفتوگۆکرا لەبارەی پرۆسەی چاکسازییەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە و جەختکرایەوە لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی هێزی پێشمەرگە وەک هێزێکی نیشتمانی.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و كونسوڵی ئەو وڵاتە لە هەرێم ئامادەی بوون، قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە چاکسازییەکانی لە وەزارەتی پێشمەرگە تا ئەوکاتەی هێزی پێشمەرگە بە تەواوەتی دەبێتە هێزێکی تۆکمەتر و ڕێکخراوتر. ستایشی ئەمریکاشی کرد بۆ هەماهەنگی و هاوکارییەکانی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
هاوكات تاوتوێی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا کرا و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی هاوپەیمانی نێوان کورد و ئەمریکا و بەهێزترکردنی هاوپەیمانێتییەکە.
جێگری سەرۆک وەزیران بە گرنگییەوە باسی لە ئیمزاکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و وەزارتی پێشمەرگە کرد و ئاماژەی بەوەشدا ئەم لێکتێگەیشتنەی ئەمڕۆ ئیمزاکرا کاریگەریی گرنگی دەبێت لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق.