بەڕێوەبەری گەنجینەی یەك لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، دەستكراوە بە وەرگرتنی لیستی مووچەی مانگی نۆی ئەمساڵ لە فەرمانگەكان و بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی ئێستا هەوڵێك هەیە لە 25ی ئەم مانگەوە دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ئەیلول بكرێت.
حەسەن ڕەشید، بەڕێوەبەری گەنجینەی یەك لە سلێمانی لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، دابەشكردنی مووچەی مانگی هەشت ئاسایی دەڕوات و زۆرینەی فەرمانگەكان مووچەی مانگی هەشتیان وەرگرتووە و بەپێی خشتەی ڕاگەیەندراو 22ی ئەم مانگە كۆتایی بە دابەشكردنی مووچەی مانگی هەشت دەهێندرێـت.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، لە ئێستادا دەستكراوە بە وەرگرتنی لیستی مووچەی مانگی ئەیلول لەو فەرمانگانەی لیستەكەیان ئامادەكردووە و بۆ ئێمەیان ناردووە و كاری تێدادەكرێت و ئامادەدەكرێت.
هاوكات هەر بەپێی ئەو زانیارییانەی بە تۆڕی میدیایی ئێستا دراون، هەوڵێك هەیە بەر لە 25ی ئەم مانگەوە دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ئەیلول بكرێت و بە بەراورد بە مانگی ڕابردوو دابەشكردنی مووچە پێشدەخرێت.