وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لەم وەرزەدا خواست لەسەر كارەبای نیشتمانيی كەمیكردووە و جەختیشدەكاتەوە بە تێكرا ڕۆژانە كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی گەیشتووەتە 15 كاتژمێر و لە وەرزی هاوینی ئەمساڵدا توانراوە بە تێكرا 14 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی بدرێتە هاوڵاتییان.
ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێم لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئاستی بەرهەمهێنانمان 3500 مێگاواتە و خواست پێشتر 5000 هەزار مێگاوات بووە و ئێستا بەهۆی دابەزینی پلەكانی گەرماوە لە چەند ناوچەیەك خواست دابەزیوە بۆ 4500 مێگاوات و بەو هۆیەوە ڕۆژانە كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی بە تێكڕا لە ئێستادا گەیشتووەتە 15 كاتژمێر.
ئاشكرایكرد، لە وەرزی هاوینی ئەمساڵدا و لە خراپترین حاڵەتدا 14 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی بۆ هاوڵاتییان دابینكراوە و ئێستا ڕۆژانە بە تێكرا 15 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی بە هاوڵاتییان دەدرێـت.
لەبارەی هۆكاری دابەشنەكردنی پسووڵەی كارەباشەوە، وتەبێژەكەی وەزارەت باسی لەوەش كرد، فەرمانگەكانی كارەبا لە پارێزگاكان بەهۆی سەرقاڵی و خۆڕێكخستنەوەیان بە پێوەری زیرەكەوە پسووڵەیان بەسەر بەشداربوواندا دابەشنەكردووە و هەر كاتێك ئەو كارانەیان بە كۆتاهێنا پسووڵەكە دەدرێتە بەشداربووان.