بەشێك لە جوتیارانی هەرێمی كوردستان، دوای ڕشتنی دەرمانی قڕكەر و مێرووكوژ لە كێڵگە و باخ و بێستانەكانیاندا، قوتووی دەرمانەكان دەخەنە جۆگەلە و ڕووبار و سەرچاوە ئاوییەكانەوە یاخود لە ڕۆخی ئەو سەرچاوانەی ئاودا بەجێیاندەهێڵن، ئەوەش وەك چالاكوانێكی ژینگە دەڵێت، زیانی جۆراوجۆر بە مرۆڤ و ئاژەڵ و ژینگە دەگەیەنێت و دەگاتە ڕادەی مردن.
بیلال حەمەڕەئووف، چالاكوانی بواری ژینگەیە و پێشتر سەرپەرشتیاری “گرووپی گەشەپێدانی کشتوکاڵ” بووە، لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا ڕایگهیاند، “وەک گرووپی گەشەپێدانی کشتوکاڵ لە قەزای شارەزوور، ماوەی سێ ساڵ پڕۆژەی کۆکردنەوەی دەفرە بەتاڵە ژەهراوییەکانمان بەڕێوەبرد لە پێناو تەندروستییەکی باش بۆ کۆمەڵگە و پاراستنی ژینگە و خاک و ئاو”.
لەبارەی زیانە تەندروستییەكانی ئەو دیاردەیەوە، چالاكوانەكەی بواری ژینگە و شارەزاكەی كشتوكاڵ وتی، “دهفره بهتاڵه ژەهراوییەکان، زیان بە تەندروستیی مرۆڤ دەگەیەنن و گەر بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەر جەستەی مرۆڤ بکەون، دوای ماوەیەک تووشی شێرپەنجەی دەکەن. سەرباری ئەوەی فڕێدانی دەفر و قوتووەكان بۆ ناو سەرچاوەكانی ئاو، دەبێتەهۆی ژەهراویبوونی ئاوی ژێرزەوی و سەرزەوی و لەناوبردنی سامانی ماسی”.
جەختیكردەوە، جگە لە مرۆڤ، پاشماوە و قوتووی دەرمانە قڕكەرەكان و فڕێدانیان لەناو سروشتدا، مەترسییە بۆ سەر ژیانی ئاژەڵ و باڵندە و داوای لە جوتیارانی کوردستان كرد، لە پێناو سەلامەتیی خۆیان و پاراستنی ژینگە و ژەهراوینەبوونی سەرچاوەکانی ئاو و پیسنەبوونی خاک، هەروەها بۆ پاراستنی سامانی ماسی و ئاژەڵ و باڵندە، ڕەچاوی ڕێنماییەکان بکە لە کاتی بەکارهێنانی قڕکەرەکان و قوتووە بەتاڵەکان كۆبكەنەوە و لە شوێنی گونجاودا لەناویان ببەن.
ئەو زیاتر لەبارەی مەترسییەكانی دەرمانی قڕكەرەوە بۆ ئێستا دوا و پشتبەست بە لێكۆڵینەوە زانستییەكان و وتەی پسپۆڕان ئاشكرایكرد، لە ئەنجامی بەکارهێنانی قڕکەری ژەهراوی، ڕاستەوخۆ بەر لەشی مرۆڤ و زیندەوەر و خۆراک دەكەوێت، دواتر لە ئەنجامی کارتێکردنی ژەهر لە خانە و ئەندام و کۆئەندام و هۆرمۆن و ئەنزیمەکانی لەش، کاریگەریی ژەهرەکە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەردەکەوێت و مرۆڤ دووچاری جۆرەها نەخۆشی و گرفتی تەندروستی دەكاتەوە، لەوانە تەنگەنەفەسی، نەخۆشییەكانی پێست، لەکارکەوتی دڵ، جگەر، گورچیلە، نەزۆکی، تووشبوون بە شێرپەنجە و تەنانەت کوشتنی ڕاستەوخۆ.