سزاكەی دەگاتە 10 ملیۆن دینار
دەیان كەس لەسەر ڕاوكردنی باڵندە و ئاژەڵی كێوی دەستگیركراون

سزای ڕاوكردنی بزنە كێوی، كەڵە كێوی، پڵنگ و هاوشێوەكانیان لە 10 ملیۆن دینار كەمتر نییە

لە هەشت مانگی ڕابردوودا لە سنووری سلێمانی 72 كەس لەسەر ڕاوكردنی باڵندە و ئاژەڵی كێوی دەستگیركراون، بەرپرسێكی پۆلیسی دارستان دەڵێت، سزای غەرامەی ڕاوكردنی ئاژەڵێك دەگاتە 10 ملیۆن دینارە.

عەمید هێمن كەمەرخان، بەرپرسی ڕاگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، پاراستنی ئاژەڵ و باڵندە كێوییەكان و ژینگەی ناوچەكە ئەركی ئەوانە و لە زۆربەی كات و ساتەكاندا مەفرەزەكانیان لە كەژ و كێوەكانن، ئەو كەسانەی پابەندی یاسا و ڕێنماییەكان نابن لەلایەن تیمەكانیانەوە دەستگیردەكرێن و ڕووبەڕووی یاسا دەكرێنەوە.

وتیشی، “لە هەشت مانگی ڕابردوودا لەسەر سەرپێچییە جۆربەجۆرەكان 405 هاوڵاتی لە سنوورەكەدا دەستگیركراون”.

لەو ژمارەیە بەپێی عەمید هێمن (لەسەر ڕاوكردنی باڵندەی كێوی 59 كەس، ئاژەڵی كێوی 13، ڕاوكردنی ماسی 54، دروستكردنی خەڵوز 22، زیادەڕەوی 87، بیرلێدان 116، داربڕین 45 و ئاگركەوتنەوە 9 كەس) دەستگیركراون.

دەربارەی جۆری سزای ئەو كەسانەش ڕوونیكردەوە، سزای پێبژاردنی ڕاوكردنی بزنە كێوی، كەڵە كێوی، پڵنگ و هاوشێوەكانیان لە 10 ملیۆن دینار كەمتر نییە، ماوەی سزای بەندكردنیشی لەلایەن دادوەرانەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت كە لە 24 كاتژمێرەوە تا پێنج ساڵ بەندكردن دەیانگرێتەوە.

سنووری كاری بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی لە قەزای پێنجوێنەوە تا چەمچەماڵە و 10 قەزا و 24 ناحیە دەگرێتەوە.

بەرپرسەكەی پۆلیسی دارستان ئەوەشی خستەڕوو، لە ساڵی 2021دا لەلایەن مەفرەزەكانیانەوە 889 هاوڵاتیی سەرپێچیكار دەستگیركراون.

بابەتی پێشتر

ڕوونكردنەوەیەك لە سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانییەوە

بابەتی دواتر

زانكۆی سلێمانی ژمارەیەك هەلی كار ڕادەگەیەنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share