یابان بە نیازە ڤاكسینی دژە كۆرۆنا بۆ تەواوی دانیشتووانی وڵاتەكەی بەبێ بەرامبەر بەردەست بخات، بۆ ئەو مەبەستەش داواكاری پێشكەش بە چەند كۆمپانیایەكی بەرهەمهێنی ڤاكسین كردووە.
پرۆژەیاسایەك كە ئەمڕۆ چوارشەممە 2ی كانونی یەكەم، پێشكەش بە پەرلەمانی یابان كراوە، حكومەتی ئەو وڵاتە ناچار دەكات، ڤاكسینی كۆرۆنا بەبێ بەرامبەر بۆ تەواوای دانیشتووانی وڵاتەكەی بەردەست بخات.
ژووری باڵای ئەنجومەنی نوێنەرانی یابان ڕەزامەندی لەسەر پرۆژەیاساكە دەربڕیووە، بۆ ئەوەی حكومەتی یابان ناچار بەوە بكەن تێچووی دابینكردنی ڤاكسینەكە بگرێتە ئەستۆ، پاش ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندی دەكات.
پێشتر یابان ڕایگەیاندبوو، داوای 60 ملیۆن دۆز ڤاكسینی لە كۆمپانیای فایزەر و 25 ملیۆن لە كۆمپانیای مۆدێرنا كردووە، هەروەها جەختیشی كردووەتەوە 120 ملیۆن دۆزیش لە ڤاكسنی ئەسترازینكا وەردەگرێت، ژمارەی دانشیتووانی یابان بریتییە لە 126 ملیۆن كەس.