ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بە مەبەستی كردنەوەی لقەكانی بانكی ڕافیدەین لە شارەكانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ سەردانی لقی سەرەكی ئەو بانكەی لە شاری بەغداد كردووە.
د. نەرمین مەعروف پەرلەمانتاری یەكێتی و ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “ئەمڕۆ یەكشەممە سەردانی لقی سەرەكیی بانكی ڕافیدەینم لە بەغداد كرد و لەگەڵ عەبدولحەسەن جمال بەرێوەبەری گشتیی بانكەكە كۆبوومەوە”.
ڕاشیگەیاند، لە سەردانەكەدا وێڕای جەختكردنەوە لە گرنگی كاراكردنەوەی ئەم بانكە بۆ گەشەسەندنی ئابوری و دارایی هەرێم و سوودمەندبوونی هاوڵاتییانی هەرێم لە قەرز و پێشینەكانی ئەو بانكە باس لەو ڕێكارە كارگێڕی و یاساییانە كران كە پێویستە لەلایەن هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵەوە بۆ ئەو كارە ئەنجامبدرێن.
ئاشكرایكرد، بەرپرسانی بانكەكە ڕاشیانگەیاندووە داواكەرییەكەم بە نووسراوێك ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق دەكرێت بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندییان لەسەر ئەو بابەتە.