ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرایکردووە، کە جیهان لە ناوەندی تەمەن، پەروەردە و ئاستی بژێوییەوە پاشەکشەی کردووە، بەجۆرێک پێنج ساڵ گەڕاوەتە دواوە، هەروەها مەترسیی ئەوەشی خستووەتەڕوو شەڕی ئۆکرانیا دۆخەکە خراپتر بکات.
لە ڕاپۆرتێکدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردووەتەوە، بەرنامەی پەرەپێدانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، لە دوای سی ساڵ لە پەسەندکردنی بۆ یەکەمجارە، پێوەرەکانی ناوەندی تەمەن، پەروەردە و ئاستی بژێوی کە وەک پێوەری گەشەپێدانی مرۆیی لە جیهاندا دەستنیشانکراون، دوو ساڵ لەسەر یەک پاشەکشەی کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە گەشەی جیهان لە تەمەن و پەروەردە و بژێوی ژیان لە دوو ساڵی 2020 و 2021دا پاشەکشەی کردووە و پێنج ساڵ گەڕاوەتە دواوە گەیشتووەتە ئاستی ساڵی 2016، دەڵێت، ئەو دابەزینە بەرفراوانە زیاتر 90%ی وڵاتانی جیهانی گرتووەتەوە.
ئاکیم شتاینەر، سەرۆکی بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی، “ئەوە بەو مانایە دێت کە زووتر دەمرین، کەمتر خوێندەواریمان دەبێت و داهاتمان دادەبەزێت”.
شتاینەر دەڵێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم پێوەرانە بۆ دەیان ساڵە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، لە ساڵی 2021دا گەڕایەوە بۆ ئەو ئاستەی کە لە ساڵی 2016دا هەبوو، بەوەش ساڵانی گەشەسەندنی سڕیەوە.
سەبارەت بە هۆکارەکان ئاماژەی بەوەکردووە، هۆکاری سەرەکیی ئەو پاشەکشەیە کۆڤید-19یە، لەگەڵ زیادبوونی کارەسات و قەیرانەکانی کەشوهەوا.
شتاینەر جەختی لەوە کردەوە، پێشتر کارەساتمان بەسەر هاتووە و ناکۆکی هەبووە، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، پاشەکشەیەکی گەورەیە بۆ گەشەسەندنی مرۆڤایەتی.