ئەنجومەنی وەزیران ئامادەکارییەکانی ساڵی نوێی خوێندن تاوتوێدەکات

لە كۆبوونەوەی هەفتانەی خۆیدا ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئامادەكارییەكانی ساڵی نوێی خوێندن، ئامادەكاری بۆ دابەشكردنی نەوتی سپی و پرسی دامەزراوان بە گرێبەستی خستەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن، کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران، باسی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی بارودۆخی سیاسیی عێراقی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراقە لە ڕێگەی گفتوگۆ و بەشێوەیەکی ئاشتیانە و بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور، بە جۆرێک ڕێز لە سیستمی دیموکراسی و دەنگی هاوڵاتییان بگیرێت و ئارامی و سەقامگیریی عێراق بپارێزرێت، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە.

سەرۆک وەزیران جەختی لە گرنگیی هاوهەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان لە داکۆکیکردن لە ماف و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و پاراستنی دەستکەوتە نیشتمانییەکان کردەوە. دووپاتیشیکردەوە هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە فاکتەرێکی ئارامی و سەقامگیریی لە عێراق و ناوچەکەدا دەبێت.

پاشان لەلایەن ئانۆ جەوهەر وەزیری پەروەردە بەوەکالەت و ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئامادەکارییەکانی هەردوو وەزارەت بۆ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی 2022-2023 و پێداویستییەکانی خرایەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران، جەختی لە گرنگیی کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا کردەوە لە کارنامەی ئەم کابینەیە و بڕیاردرا بە ڕاسپاردنی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەو داواکاری و پێشنیارانەی لەلایەن هەردوو وەزارەت خرانەڕوو بۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەن و بە بایەخیشەوە ، باس لە گرنگیی پلانی هەردوو وەزارەت کرا بۆ گرنگیدان بەو بابەتانەی ڕەهەندی نیشتیمانییان هەیە وەک خۆشەویستیی نیشتیمان و ئاشتی و بەیەکەوەژیان و مەترسییەکانی بەکارهێنان و بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و توندوتیژی و خراپ بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا و ئامێرەکانی پەیوەندی.

لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەكەدا، کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت و ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری، باسیان لە ئامادەکاریی پێویست بۆ دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هاوڵاتییان کرد لە وەرزی زستاندا، هاوشێوەی ساڵانی پێشوو بەهەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ. ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا ئامادەکاری پێویست بکرێت بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی بەتایبەتی بۆ ناوچە سارد و شاخاوییەکان. بۆ ئەم مەبەستەش، وەزیری سامانە سروشتیەکان بە وەکالەت و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵیی و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغداد ڕاسپێردران بۆ ئەنجامدانی کاری پێویست.

لە بڕگەی کۆتاییدا، گفتوگۆ دەربارەی بابەتی گرێبەست لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و دامەزراندنی هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا کرا کە تائێستا دانەمەزراون. ئەنجومەنی وەزیران وێڕای بە بایەخەوە سەیرکردنی ڕۆڵی کارمەندانی گرێبەست بڕیاریدا ئەم بابەتە ئاراستەی ئەنجومەنی گشتیی ڕاژە بکرێت کە تازە دەستبەکاربووە لە هەرێمی کوردستان تا بەپێی تایبەتمەندیی و بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، پۆڵێنی هەردوو بابەتەکە بکەن و لەبەر ڕۆشنایی پسپۆڕیی و تایبەتمەندیی و پێداویستی وەزارەت و دامەزراوەکان، بڕیار لەسەر پێشنیارەکە بدرێت بەجۆرێک کە بگونجێت لەگەڵ پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی میلاکاتی حکومەت، هەروەها لەسەر بنەمای زانستیی و پێداویستی و پسپۆڕیی لەلایەن ئەنجومەنی گشتیی ڕاژەوە، ئەم بابەتە پێداچوونەوەی پێویستی بۆ بکرێت و گەڵاڵە بکرێت بۆ بڕیاردان.

بابەتی پێشتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی: یەكێتی لەگەڵ هەڵبژاردنە لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا بەو مەرجەی یاساكەی بۆ هەمواربكرێتەوە

بابەتی دواتر

ئاگادارییەك بۆ شۆفێران.. ڕێگایەك داخرا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەهای دۆلار بەرزبووەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ لە كاتی داخستنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار بەرزبووەوە و 100 دۆلار بە…
Total
0
Share