قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کێشەی هەرێمی کوردستان ئەوە نییە کێ نەوت دەفرۆشێت، “کێشەی ئێمە گرەنتیکردنی بودجە و شایستە داراییەکان و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانە”.
لە کۆبوونەوەی لەگەڵ باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵات کۆبووەوە، تیایدا دوا پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد لەسەر پرسی نەوت و گاز تاوتوێ کران.
بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، باس لە ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و گاز و بودجە کرا، قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد وتی، ” ئێمە کێشەمان لەگەڵ ئەوەدا نییە کێ نەوت دەفرۆشێت، بەڵكو کێشەی ئێمە گەرەنتیکردنی بودجە و شایستە داراییەکان و مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستانە”.
داواشیکرد ئەمریکا لەمبارەیەوە زیاتر هاوکاربێت لە چارەسەرکردنی دەستورییانەی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد.
سەبارەت بە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، لەماوەی ڕابردوودا سەرباری گرفت و بەربەستەکان حکومەتی هەرێم کۆمەڵێک هەنگاوی گرنگی ناوە و داوای بەردەوامیی هاوکارییەکانی ئەمریکای کرد لەوبارەیەوە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی عێراق تاوتوێکرا، هەردوولا جەختیانکردەوە، کە دەبێت لایەنە سیاسییەکان لەڕێی گفتوگۆی نیشتمانییەوە کێشەکانی نێوانیان چارەسەربکەن و خۆیان بە دووربگرن لە هەر لێدوان و هەڵوێستێک کە ناکۆکی و بارگرژییەکان قوڵتر بکاتەوە.