دوای ئەوەی ژمارەیەك لە مامۆستایانی وانەبێژ گردبوونەوەیەكیان لە بەردەم سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامدا، دوو لە مامۆستاكان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە “ڕفێندران” وەك ئەوەی پارێزەرێك دەیڵێت و ڕایدەگەیەنێت، بەدواداچونیان بۆ دەکەین و ڕێکارە یاساییەکانمان گرتۆتەبەر.
ئەمڕۆ ژمارەیەک مامۆستای وانەبێژ لە بەردەم سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە هەولێر گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان ئەنجامدا بۆ داواکردنی مافەكانیان.
بەشدار حەسەن، سەرۆكی تیمی پارێزەرانی ستاندەر بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، بەداخەوە لەبری ئەوەی بەپیر داواکانیانەوە بچن، لە نیوەڕۆوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هەردوو مامۆستای وانەبێژ (عەلی ڕەئوف و كارزان جەمال) “ڕفێندراون”.
وتیشی، “سەرەتا نەماندەزانی لە كوێن، بەڵام دوای بەدواداچوون دەركەوت لەلای ئاسایش بوون و ڕادەستی هێزەكانی پۆلیس كراون، ڕەنگە ئەمشەو بدرێنە دادوەری ئێشكگر”.
بەشدار حەسەن ئەوەشی خستەڕوو، وەک تیمی پارێزەران بەدواداچونیان بۆ دەکەین و ڕێکارە یاساییەکانمان گرتۆتەبەر، پەیوەندیشمان کردووە لەگەڵ دکتۆرە مونا یاقۆ سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ و گوڵستان سەعید جێگری سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان بەمەبەستی ئازادکردنیان.
تیمی پارێزەرانی ستاندەر، یەكێكە لە بۆردەكانی دەزگای ستاندەر، لە ژمارەیەك پارێزەر پێكدێت، هەر كەسێك خاوەن پرسێكی مرۆیی بێت یان لەلایەن دەسەڵاتەوە ستەمی لێبكرێت، بە خۆبەخشی كاریان بۆ دەكەن، وەك ئەوەی سەرۆكی تیمەكە ئاماژەی پێدا.