بەهۆی كەوتنەخوارەوەی پانكەیەك بەسەر خوێندكارێكدا، وەزیری پەروەردە سزادرا و بە یەكەم هەنگاوی لەو جۆرە لە عێراق ئەژماردەكرێت.
دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی، بە بڕیارێك وەزیری پەروەردەی عێراقی پابەندكرد 40 ملیۆن دینار وەك قەرەبوو بدات بە كچە خوێندكارێكی پارێزگای نەجەف كە پانكەی پۆلەكەی كەوتووە بەسەریدا.
لە نووسراوی بڕیارەكەی دادگادا هاتووە، “لێكۆڵینەوەكان سەلماندیان كە دەست و پێوەندەكانی وەزیری پەروەردە كەمتەرخەم بوون و ڕێكاری پێویستیان نەگرتووەتەبەر بۆ پشكنین و چاككردنی كەرەستە و كەلوپەلەكانی خوێندنگەكە”.
دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی دەڵێت، ئەو كچە خوێندكارە بەهۆی كەوتنەخوارەوەی پانكەكە بەسەریدا، بە ڕێژەی 100% “كەمئەندام” بووە، بۆیە وەزیری پەروەردە پابەندە بە 40 ملیۆن دینار قەرەبوویبكاتەوە.
لە میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا مافناسان و چالاكوانان دەڵێن، “یەكەم جارە بەرپرسێكی عێراقی بەهۆی كەمتەرخەمی و زەرەرمەندبوونی هاوڵاتییانەوە بەو شێوەیە سزابدرێت”.