ڕەوتی سەدر داوای گۆڕینی فالح فەیاز دەكات

موقتەدا سەدر

سەركردەیەكی ڕەوتی سەدر چەند داواكارییەك ئاراستەی مستەفا كازمی دەكات، دیارترینیان گۆڕینی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و دوورخستنەوەی ئەو هێزانەیە لە چەند ناوچەیەك.

ساڵح محەمەد عێراقی كەسایەتیی ناسراوی ڕەوتی سەدر لە تویتێكدا دەڵێت، پێشنیار بۆ فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان دەكەین بە گۆڕینی فالح فەیاز بەرپرسی دەستەی حەشدی شەعبی.

عێراقی، كە بە وەزیرەكەی سەدر ناودەبرێت، هۆكاری ئەو پێشنیارە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی فەیاز كەسێكی حزبییە و سەرۆك فراكسیۆنە، كەسایەتییەكی بەهێزی نییە و خاوەن ڕوانینی سەربازی نییە، هەروەها گونجاو نییە بۆ ئەو پۆستە.

هاوكات داوای بڕیارێكی توند و یەكلاكەرەوە دەكات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گروپانەی بەناوی (مقاوەمە)یە و بە “كوشتنی ڕۆڵەكانی گەل” تۆمەتباریدەكات.

سەركردەكەی ڕەوتی سەدر داواشدەكات سەرجەم گروپەكان و حەشدی شەعبی لە ناوچەی سەوز دەربكرێن و ناوچەكە لەلایەن هێزە ئەمنی و نیشتمانییەكانەوە كۆنتڕۆڵبكرێت.

لە خاڵی چوارەمی پێشنیارەكەدا داوای دوورخستنەوەی حەشدی شەعبی لە خاڵەكانی پشكنین و دەروازە سنوورییەكان كراوە.

لە كۆتایشدا داوای پاڵپشتی ئەوەی ناویبردووە بە “موجاهدین” لە ناوچە ئازادكراوەكان دەكات و دەڵێت، هەندێكیان بەدەست پشتگوێخستن و گرنگیپێنەدان لەڕووی سەربازی، ئەمنی و لۆجستییەوە دەناڵێنن.

بابەتی پێشتر

كەسێك بە گومانی ئەندامێتیی داعش لە چەمچەماڵ دەستگیركرا

بابەتی دواتر

وەزارەتی پەروەردە: ئەمساڵیش سێ دەوامی لە هەندێك خوێندنگادا دەمێنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share