جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا، شەوی ڕابردوو بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە كردووە، ڕووداوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردوو تەوەری سەرەكیی گفتوگۆكە بوون، بەڵام بایدن “پەیامێكی تایبەت”ـی ئاراستەی كازمی كردووە.
بەپێی كۆشكی سپی، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا سەرۆكی ئەمریكا ستایشی سەركردایەتیكردنی كەسی و تایبەتی خوودی سەرۆك وەزیران بۆ دۆخی عێراقی كردووە، كازمیی بەوە ناوبردووە كە لە ڕێگەی گفتوگۆ و دیپلۆماسییەوە، هەوڵی كەمكردنەوەی بارگرژییەكانی ناوچەكەی داوە و بۆ ئەوەش سوپاسیكردووە.
جۆ بایدن لە ڕێگەی مستەفا كازمی-ـیەوە، داوای لە سەركردەكانی عێراق كردووە “گفتوگۆیەكی نیشتمانی” دەستپێبكەن و هەوڵی چارەسەركردنی قەیرانی سیاسی بدەن. هەروەك خۆشحاڵیی خۆی دەربڕیوە بە گەڕانەوەی ئاسایش و ئارامی بۆ عێراق.
خاڵێكی تری قسەكانی بایدن كە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا بە كازمیی وتووە و كۆشكی سپی ئاشكرایكردووە، پشتیوانیی ئەمریكا بووە بۆ “عێراقێكی سەربەخۆ و سەروەر”.