د. ڕێواز فائق سهرۆكی پهرلهمانی كوردستان، پیرۆزبایی لە بافڵ جهلال تاڵهبانی دەكات بە بۆنەی هەڵبژاردنی وەك سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و دەڵێت، “هیوادارم ڕۆڵی کاریگەر لە گێڕانەوەی سەقامگیری و چەسپاندنی ئارامی بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق بگێڕن”.
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاندووە، “بەڕێز بافڵ جهلال تاڵهبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە گەرمی پیرۆزباییتان لێدەكەین و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین. وەرگرتنی متمانەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ڕاسپاردنتان بەو ئەرکە گرنگە، بەرپرسیارێتییەکی قورسە و پێسپاردنی مێژووی پڕ سەروەریی یەکێتی و ئەمانەتی ڕووباری خوێنی شەهیدەکانی و کەلتووری سیاسیی میانڕەوانەی سەرۆك (مام جەلال)ـە، لە قۆناغێکی سەخت و لە سایەی هەلومەرجێکی هەستیاری هەرێم و عێراق و ناوچەکەدا”.
د. ڕێواز فائق نووسیویەتی، “لەو ڕوانگەیەوە هیوادارم بە بڕیار و هەڵوێستی دروست، هاوشان لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی دیکەی عێراق و هەرێمی کوردستان، ڕۆڵی کاریگەر لە گێڕانەوەی ئارامی و سەقامگیری بۆ عێراق و چەسپاندنی ئارامیی سیاسی و دەروونی بۆ هەرێمی کوردستان بگێڕن، بە ئاراستەی فەراهەمکردنی تەواوی ماف و ئازادییە گشتییەکان و خزمەتکردنی هاونیشتیمانییان و وەڵامدانەوەی خواست و داواکارییە ڕەواکانیان”.