سەرۆك هۆزێك لە ئەنبار بەشێك لە ڕووداوەكانی ساڵی 2003 لە عێراق دەگێڕێتەوە، هەروەك باس لە ساتی بۆردومانی ماڵەكەی دەكات، ئەوكاتەی سەدام حسین و كوڕەكانی لەلای بوون.
موزهەر خەربیت یەكێك لە سەرۆك هۆزەكانی ئەنبار لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی ئەلعەرەبییە ئاشكرایدەكات لەپاش دەستپێكردنی پڕۆسەی سەربازیی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆسەر عێراق لە ساڵی 2003 و دوای نزیكبوونەوەیان لە بەغداد، سەدام حسێن و هەریەك لە عودەی و قوسەی و ژمارەیەك لە یاوەرەكانیان خۆیان گەیاندووەتە ماڵەكەی ئەو.
دەشڵێت، لە نیسانی 2003 لەلایەن فڕۆكەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆردومانی ماڵەكەی كراوە، كاتێك سەدام و كوڕەكانی لەماڵی ئەو بوون، لەو ڕووداوەدا 18 ئەندامی خێزانەكەی بوونەتە قوربانی.
بەڵام لە بۆردومانەكەدا سەدام و كوڕەكانی سەلامەت دەربازیان بووە.
بەپێی وتەی سەرۆك هۆزەكە، پاش بۆردومانەكە سەدام و كوڕ و یاوەرەكانی بەرەو هیت ڕۆیشتوون.
ئەوەشی خستەڕوو، لەلایەن قوسەی-یەوە منداڵێك بە زیندوویی لەژێر داروپەردوی ڕووخاوی ماڵەكەیدا دەرهێندراوەتەوە.
هەڵمەتەكەی هێزەكانی هاوپەیمانان “پڕۆسەی ئازادیی عێراق” لە 20ی ئازاری 2003 دەستیپێكرد و لە 9ی نیسانی 2003 شاری بەغداد بە تەواوی كەوتەدەست هێزەكانی هاوپەیمانان.
پاش 10 مانگ لە دەستپێكردنی پڕۆسەكە، لە 13ی كانونی یەكەمی 2003 سەدام حسێن لەلایەن هێزێكی مارێنزی ئەمریكییەوە لە چاڵێكی ناو كێڵگەیەكی شاری دور دەستگیركرا.
سەدام لە 5ی تشرینی دووەمی 2006 لەلایەن دادگاوە سزای لەسێدارەدان هەتا مردنی بەسەرداسەپێندرا و سزاكەش لە 30ی كانونی یەكەمی 2006 جێبەجێكرا.