هەوڵەكانی ئەڵمانیا بۆ وتووێژ لەگەڵ قەتەر دەربارەی بەدەستهێنانی غاز لەجیاتی ڕوسیا شكستیهێنا، وەك ئەوەی سایتێكی ئەڵمانی ئاماژەی پێداوە و دەڵێت، بەڵام ئیتاڵیا غازی قەتەر بەدەستدەهێنێت.
سایتی (Deutsche Wirtschafts Nachrichten) بڵاویكردووەتەوە، ڕۆبەرت هابك وەزیری ئابوریی ئەڵمانیا لە ئازاری ڕابردوو سەردانێكی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامدا بۆ گەڕان بەدوای جێگرەوەی غازی ڕوسیدا، پاش چاوپێكەوتنی لەگەڵ ئەمیری قەتەر، هابك وتی، ئەو وڵاتە ئامادەیە بۆ ئەوەی غازی زیاتر بداتە ئەڵمانیا.
بەڵام سەرەڕای ئەوە، نوێنەری ئەو كۆمپانیایانەی یاوەری وەزیرە ئەڵمانییەكەیان لە گەشتەدا كردووە تائێستا نەیانتوانیوە گرێبەستی ڕاكێشانی غاز لەگەڵ لایەنی قەتەر-یدا واژووبكەن.
ئەمەش دۆخێكی دژوارە بۆ ئەڵمانیا بەهۆی ئەوەی لەئێستادا ڕوسیا لەڕێی بۆریی (نۆرد ستریم-1)ەوە یەك لەسەر پێنجی بڕی پێشووی غاز ڕەوانەی ئەو وڵاتە دەكات، ئەمەش وا لە بەرلین دەكات بەدەست قەیرانێكی بەرفراوانی وزەوە بناڵێنێت.
لەكاتێكدا تائێستا ئەڵمانیا لەو هەوڵەدا شكستیهێناوە، كۆمپانیای وزەی ئیتاڵی Eni توانیویەتی ئەنجامێكی باشتر بەدەستبهێنێت، وەك ئەوەی سایتەكە دەیڵێت.
لە زاری كڵاودیۆ دیسكالزی بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیا ئیتاڵییەكە وتی، پاش گرێبەستە نوێیەكان لەگەڵ هاوبەشان لە جەزائیر، كۆنگۆ و میسر لە كاتێكی پێشتری ئەمساڵدا، كۆمپانیای ئینی لە حوزەیرانی ڕابردوو چووە پاڵ دامەزراوەی North Field East لە قەتەر، كە بە بەشێك لە گەورەترین پڕۆژەی گازی سروشتیی شل لە جیهاندا دادەنرێت.