سبەی سێ بەرەی جیاواز لە بەغداد خۆپیشاندان ئەنجامدەدەن

سێ ڕەوتی جیای سیاسیی عێراقی بڕیاریانداوە سبەی لە بەغداد خۆپیشاندان ئەنجامبدەن، ئامانجی هەر لایەك جیاوازە، لە پێكهێنانی حكومەتەوە تا هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ڕەتكردنەوەی پشكپشكێنە.

هەریەك لە چێوەی هەماهەنگی، ڕەوتی سەدر و هێزە مەدەنی و دیموكراسییەكان بڕیاریانداوە پاش نیوەڕۆی سبەینێ لە سێ ناوچەی جیاوازی بەغداد خۆپیشاندان ئەنجامبدەن.

ئامانج لە خۆپیشاندانی لایەنەكانی چێوەی هەماهەنگی وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوی لیژنەی ڕێكخستنی خۆپیشاندانەكەدا هاتووە، “لەپێناو خێراکردنی پێکهێنانی حکومەتی خزمەتگوزاریی نیشتمانی-یە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی قەیرانەكانی، كارەبا و بارگرانیی ژیانی هاوڵاتییان ببێتەوە”.

داواشی لە هاوڵاتییانی عێراق كردووە بەشداری تێدابكەن كە كاتژمێر 5ی پاش نیوەڕۆ لە نزیك ناوچەی سەوز دەبێت.

لایەنگرانی ڕەوتی سەدر كە نزیكەی دوو هەفتەیە مانگرتنیان لە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستپێكردووە و بەردەوامن، سبەی ئەوانیش خۆپیشاندان دەكەن.

ساڵح محەمەد عێراقی، كە بە وەزیرەكەی سەدر ناسراوە، ئەمڕۆ لە تویتێكدا داوای لە شوێنكەوتووانی ڕەوتەكەی كرد سبەی لە سەرجەم پارێزگاكان خۆپیشاندان ئەنجامبدەن.

عێراقی-ش كاتژمێر 5ی ئێوارەی بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانەكان دیاریكردووە.

چاوەڕوان دەكرێت خۆپیشاندانەكەی ڕەوتی سەدر لە ناوچەی سەوز لە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی باڵای دادوەریدا بێت، بەتایبەت دوای ئەوەی دوێنێ موقتەدا سەدر داوای لە دادگای عێراقی كرد لەماوەی هەفتەیەكدا بڕیار لەبارەی پرسی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بدات.

بەرەی سێیەمیش لایەنە مەدەنی و دیموكراسی و ڕێكخراو و بزوتنەوەكانی تشرین-ە كە بڕیاریانداوە كاتژمێر 6ی ئێوارە لە گۆڕەپانی فیردەوس خۆپیشاندان بكەن.

ئامانج و دروشمی ئەو لایەنانە، كە هێزە چەپ و دیموكراسییەكان دەگرێتەوە، پێچەوانەی دوو بەرەكەی دیكە ڕەتكردنەوەی گەندەڵی، پشكپشكێنە و میلیشیاكانە.

شەپۆلی خۆپیشاندانەكان لەكاتێكدایە دۆخی سیاسیی عێراق گەیشتووەتە بنبەست، سەرەڕای تێپەڕبوونی 10 مانگ بەسەر هەڵبژاردنی گشتیی پێشخراوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لایەنەكان لە پێكهێنانی حكومەتی نوێدا شكستیان هێناوە.

نازانرێت خۆپیشاندانەكانی سبەی، بەتایبەت خۆپیشاندانی دوو بەرەكەی شیعە دەگاتە ئاستی پێكداهەڵپژان و توندوتیژی یان نا، بەڵام ڕوونە كە هەر هەنگاوێك بۆ ڕێككردنەوەی پڕۆسەی سیاسی لە پشتبەستن بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ڕابردوو یان هەنگاونان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ئەستەم و پڕ لە كەند و كۆسپە.

بابەتی پێشتر

لە ڕووداوێكی هاتوچۆدا ژن و مێردێك گیانیان لەدەستدا

بابەتی دواتر

هەولێر.. تیژڕەویی قوربانی و زیانی گەورەی لێكەوتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

مستەفا كازمی: پابەندین بەجێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە نەوتی هەرێمی كوردستان

ئەمڕۆ سێشەممە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەرێوەچوو مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، پابەندین بەجێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی…
Total
0
Share