وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرماوە خواست لەسەر كارەبا زیادیكردووە و كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا بە بەراورد بە چەند ڕۆژی ڕابردوو كەمیكردووە.
ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێم لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، بەرهەمهێنانی كارەبا وەك خۆیەتی، بەڵام خواست لەسەر كارەبا زیادیكردووە و ئێستا بەرهەمهێنان سێ هەزار و 500 مێگاواتە و خواست چوار هەزار و 900 مێگاواتە.
ئاشكرایكرد، لە هەفتەی ڕابردوو ڕۆژانە 14 بۆ 15 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی دراوەتە هاوڵاتییان، بەڵام لەم هەفتەیەدا كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا بە هاوڵاتییان 13 بۆ 14 كاتژمێرە.
وتەبێژەكەی وەزارەتی كارەبا جەختیكردەوە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پلەكانی گەرما نزمدەبنەوە كە ئەوەش كاریگەریی دەبێت لەسەر زیادبوونی كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی بە هاوڵاتیان.