دەستەی دانوستانکاری هەردوو حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حزبی دیموکراتی کوردستان، بۆ یەکگرتنەوەی دوو حزبەکە ڕاپۆرتی کۆتاییان پێشکەشکردووە و ئاماژەیان بە بەرەوپێشچوونی بەرچاو کردووە.
لەوبارەیەوە لەڕاگەیەندراوی هەردوو حزبەکەدا هاتووە، مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕایگەیاندووە، “بەهیممەت و ئەرک و خۆڕاگریی هەمووان ڕیزەکانی حیزبی دیموکرات یەکدەخەینەوە، دەبێت بە یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حزبی دیموکرات و یەکخستنەوەی وزەی خەباتگێڕیمان، هەم قەرەبووی قۆناغی دابڕان بکەینەوە، هەم گڕوتینێکی زیاتر بە جوڵانەوەی مافخوازیی گەلەکەمان بدەین”.
هەروەها خالید عەزیزی سکرتێری حزبی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، “بۆ بەهێزکردنی پێگەی کورد و هەنگاوی کاریگەر لە سەرخستنی خەباتی نەتەوەکەمان، ڕیزەکانمان یەکدەخەینەوە”.
ئاماژە بەوەشکراوە، کۆبوونەوەی هەردوو ڕێبەری حزبی دیموکرات بە ڕاگەیاندنی کۆتایی پرۆسەی یەکگرتنەوەکە لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆتاییهات.