هەپەگە كوژرانی نۆ سەربازی دیكەی توركیای لە خاكی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند.
بەپێی هەواڵی میدیاكانی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بڵاویانكردەوە، یەكینەكانی گەریلا لە دژی سەربازانی سوپای توركیا زنجیرە چالاکییەکیان ئەنجامداوە.
باسیان لەوەشكردووە، چالاکییەکان لە دژی ئەو سەربازانە بووە، کە ویستیوویانە لە بەرەكانی شەڕ لە شاخی شەهید عادل لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی چەمچۆ پێشڕەوی بكەن.
ئاشكراشیانكردووە، لەو چالاكییەكاندا بەلانیکەمەوە نۆ سەربازی سوپای توركیا كوژراون.
ئەوەشیانخستووەتەڕوو، لە ناوچەكە پێكدادانی سەخت هەیە و چاوەڕێدەکرێت دواتر هەپەگە لەسەر ئەنجامی پێكدادانەكان زانیاریی ورد و زیاتر بڵاو بكاتەوە.
لەلایەكی دیكەوە توركیا بەفەرمی كوژرانی شەش سەربازی دیكەی خۆی لەماوەی 48 كاتژمێری ڕابردوودا ڕاگەیاند، كە دوانیان لە ڕۆژئاوای کوردستان كوژراون.