غالب محەمەد، ڕەخنە لە سیستمی نوێی دابەشكردنی بەنزینی 690 و 800 دیناری و بەركەوتەی پارێزگاكان دەگرێت، كە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە گۆڕانكاریی تێدا كرا، دەڵێت، پێویستە كارەباش لەسەر بنەمای هاوبەشان دابەشبكەن.
غالب محەمەد، ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، كە زۆر جار لەبارەی پرسەكانی سووتەمەنی و نەوت و زۆرێك لە پرسەكانی دیكەوە بەئاراستەی ڕەخنەیی قسەدەكات، لە نووسینێكدا كە لە فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە، دەڵێت، “دەسەڵات دەڵێت لەسەر بنەمای ژمارەی ئۆتۆمبێل بەنزین دابەشدەكەین بەسەر پارێزگاكاندا، كەواتە دەبێت لەسەر بنەمای هاوبەشی كارەبا، كارەبا دابەشبكەن، “.
پەرلەمانتارەكەی پێشوو دەڵێت، لە ئێستادا سنووری سلێمانی تەنها 33%ی كارەبای هەرێمی پێدەدرێت، لەكاتێكدا 47%ی هاوبەشانی كارەبا لەم سنوورەن.
بۆیە غالب محەمەد داوای هەڵوێست لە جێگری سەرۆكی حكومەت و تیمەكانی گۆڕان و یەكێتی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات لەسەر ئەو جیاكارییە.
ئەو قسانەی غالب محەمەد لە كاتێكدایە، دوێنێ فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە، حكومەتی هەرێم بڕیاریداوە سیستمی دابەشكردنی بەنزین لەهەرێمی كوردستان بگۆڕێت و بەپێی ژمارەی ئۆتۆمبێلی پارێزگاكان بەنزینی بەرهەمهێندراو بەسەر پارێزگاكاندا دابەشبكات.
ئاماژە بەوەشكراوە، بەپێی ئەو سیستمە نوێیە بەنزینی بەرهەمهێندراو بۆ هەولێر 57.2% دەبێت و بۆ سلێمانی 29.3% دەبێت و پارێزگای دهۆكیش 13.5% ی بۆ تەرخاندەكرێت.
پێشتر 40%ی بڕی بەنزینی بەرهەمهێندراو بۆ هەولێربووە، 40%ی بۆ پارێزگای سلێمانی و 20%ی بڕی بەنزینی بەرهەمهێندراو بۆ پارێزگای دهۆك بووە.