ئەمڕۆ هەینی ڕوسیا و ئۆكرانیا لە توركیا ڕێككەوتن، ڕێككەوتننامەكە لەبارەی هەناردەکردنی گەنمەوەیە.
ڕێوڕەسمی واژووكردنی ڕێككەوتننامەی نێوان ڕوسیا و ئۆكرانیا لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەچوو، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا ئامادەیبوون.
بەهۆی جەنگی ئۆكرانیا و ڕوسیاوە، هەناردەكردنی گەنمی ئۆكرانیا بۆ دەرەوە ڕاگیراوە، ڕوسیا سنوورە وشكانی و ئاوییەكانی گرتووە و بەوەش گەنمی ئۆكرانیا نەدەگەیشتە بازاڕەكانی جیهان.
ماوەی چەندین مانگە، ئۆكرانییەكان ناڕەزایی دەردەبڕن و دەڵێن، ملیۆنان تۆن گەنمی ساڵی ڕابردوویان لە كۆگاكاندا لە بەردەم مەترسیی خراپبووندان، ئێستاش وەرزی دروێنەی گەنم لە ئۆكرانیا دەستیپێكردووە و بەو پێیەی وڵاتەكە یەكێكە لە سەرەكیترین هەناردەكارانی گەنم لە جیهاندا، پێویستی بە ڕێڕەو و بازاڕە بۆ ساغكردنەوەی گەنمەكەی.