لە هەولێر هەڵەی شۆفێرێکی تاکسی بووە هۆی مردنی كەسێك

هاتوچۆی هەولێر بڵاویكردەوە، بەهۆی هەڵەی شۆفێرێكی تاكسی ڕووداوێكی هاتوچۆی لێكەوتەوە و بووە هۆی مردنی شۆفێرێك.

فازڵ حاجی، گرتەیەكی ڤیدیۆیی ڕووداوێكی هاتوچۆی بڵاوكردووەتەوە و نووسیویەتی، “کاتژمێر12:50خولەکی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لەسەر شەقامی سەرەکیی (هەولێر کەسنەزان)، شوفێری تاکسییەکی کرۆلا هەوڵیدا بەشێوەی سەرپێچی شەقام ببڕێت، بۆیە کەوتە سەر ڕێڕەوی فۆردێکی تایبەت و پێکدادان دروستبوو، لەدەرئەنجامی پێکدادانەکەش فۆردەکە کۆنترۆڵی لەدەستدا و لەناو “شوێن پێچەکەوە” دەرچوو بۆ دیوەکەی تری شەقام و خۆی کێشا بەکیایەکی بارهەڵگری بچوک.

باسی لەوەشكردووە، لەدەرئەنجامی ڕووداوەکە شوفێری کیاكە گیانیلەدەستدا و شوفێری فۆردەکەش برینداربوو، زیانێکی زۆری ماددیشی لێكەوتەوە.

وتەبێژەكەی هاتوچۆ ڕوونیشیكردووەتەوە، لە لێکۆڵینەوەشدا تاکسی بەخەتاباری سەرەکی ڕووداوەکە دانرا.

بۆیە داوكارە، لە شوفێران زیاتر پابەندی یاسا و ڕێنماییەکان بن و خۆیان بەدووربگرن لەسەرپێچیکردن بۆ گلدانەوەی خولەکێک لەکات.

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share