بەڕێوبەری گشتی فەرمانگەی دادی پزیشکی بەغداد ڕایگەیاند، کارەکانی ناسینەوەی 104 کەس لە ڕوفاتی ئێزدییەکان تەواو بووە و ناسراونەتەوە کە کەسوکاری کێن.
بە وتەی زەيد عەلی عەباس، بەڕێوبەری گشتی فەرمانگەی دادی پزیشکی بەغداد، کە دوێنێ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، وێڕای بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کارەکانی ناسینەوەی رووفاتی 104 کەس لە قوربانیانی ئێزدی لە شنگال کە لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش کوژراون، بە رێگەی پشكنینی (DNA) تەواو کرا.
گشتی فەرمانگەی دادی پزیشکی بەغداد ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕوفاتەکان لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا کە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و عێراقیش ئامادەی دەبن، ڕادەستی کەسوکاریان دەکرێتەوە.
بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی دادپزیشکی بەغدا راشیگەیاند، پرۆسەی رادەستکردنەوەی رووفاتی قوربانییەکان بە کەسوکاریان رۆژی 31 ی کانوونی دووەمی 2021 لە قەزای شنگال سەربە پارێزگای نەینەوا بەڕێوەدەچێت.
لە سێی ئابی ساڵی 2014 ، لەلایەن ڕێكخراوی چەکداری داعش هێرش كرایە سەر شەنگال، بەگوێرەی ئامارەكان لەو هێرشەدا 430 هەزار هاوڵاتیی ئێزیدی ئاوارە بوون لەو ژمارەیە 140 هەزار هاوڵاتی ڕویان لە شاخی شەنگال كردووە و 290 هەزار ڕویان لەشارەكانی هەرێمی كورستان و توركیا كردووە.
هەر لەو هێرشەدا 18 هەزار هاوڵاتیی دوچاری جینۆساید و كوشتنی بەكۆمەڵ بونەتەوە 3 هەزار كچ و ژن و منداڵ ڕفێندراون كە تا ئێستاش بەشێكیان چارەنوسیان نادیارە و 14 پەرستگا و مەزاری ئاینی پیرۆزی ئێزیدیەكان ڕوخێندران.