پەكەكە ڤیدیۆكەی بڵاوكردەوە
توركیا لە ئامێدی چەكی كیمیایی هەیە

هەپەگە شەهیدبوونی دوو گەریلای لە چیای گارە بە چەكی كیمیایی ڕاگەیاند و گەریلاش ڤیدیۆی “کەپسولێکی چەکی کیمیایی” بڵاوكردەوە کە ماددەی کیمیایی تێدابووە و لەلایەن سوپای تورکیاوە لە شاخی ئامێدی لە دژی گەریلا بەکارهێنراوە.

میدیاكانی نزیك لە پەكەكە بڵاویانكردووەتەوە، “گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بەڵگەیەکی دیکەی بەکارهێنانی چەکی کیمیاییان لەلایەن سوپای تورکیاوە تۆمارکردووە، كە مێژووەكەی بۆ ڕۆژی 11ی ئەم مانگە دەگەڕێتەوە لە سەنگەرەکانی شەڕ لە شاخی شەهید پیردۆغان لە ناوچەی ئامێدی تۆمارکراوە”.

ئەو گەریلایەی ڤیدیۆکەی تۆمارکردووە دەڵێت، ئەو کەپسولە لە 10ی تەمموزدا کەوتووەتە ناو تونێلەکانی گەریلاوە، لەکاتێکدا کە “دوژمن” لە شاخی شەهید پیردۆغان سەنگەرەکانی شەڕی بۆردوومان دەکرد و دەیویست پێشڕەوی بکات و ماددەی کیمیایی بەکارهێنا.

باسی لەوەشكردووە، کەپسولەکە هیچ نووسراوێکی لەسەر نییە و تۆزێکی زۆر لە ناو قوتووەکەدا هاتووەتە دەرەوە، ماددەکانی ناو کەپسولەکەش کاتێک دەسووتێت، وەک خۆڵەمێشی لێدێت.

لەلایەكی دیكەوە ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە 15ی تەمموز سوپای تورکیا حەوت جار چەکی کیمیایی و تەقەمەنیی بەکارهێناوە.

هەروەها ناسنامەی دوو گەریلای شەهیدی بڵاوکردەوە، بەناوەكانی زەردەشت و مەریوان كە لە ناوچەی زاپ لە هەرێمی کوردستان بە چەکی کیمیایی تورکیا لە مانگی ڕابردوودا شەهیدبوون.

بابەتی پێشتر

دەستبەسەر چوار ئۆتۆمبێلدا گیرا و تۆمەتبارێكیش دەستگیركرا

بابەتی دواتر

پێش لەدایکبوونم پرسی پێنەکردووم.. هونەرمەندێکی عەرەب سکاڵا دژی دایکی تۆماردەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share