مه‌كگۆرك چی بۆ عێراق و هەرێم پێبوو؟
لە هەرێمی كوردستان تەنها لەگەڵ یەكێتی و سەرۆكی هەرێم كۆبووەوە

دوو ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر ڕێکخەری ئەنجومەنی ئاسایشی ‏نیشتمانیی ئەمریکا بۆ کاروباری ‏خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و شاندێكی ‏یاوەری، سه‌ردانى هه‌رێمى ‏كوردستانیان كرد، مه‌كگۆرك بۆ دوو دۆسیەی دیاریكراو هاتبووە هەرێمی كوردستان، ‏جگه‌ له‌ سه‌رۆكى هه‌رێم، لەنێو حزبە سیاسییەكاندا ته‌نها بەرپرسانی یه‌كێتی بینی.‏

‏ ‏

له‌گه‌ڵ قوڵبوونه‌وه‌ى ناكۆكییه‌كان لەبارەی ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق و ‏ململانێ و هەوڵەكانی پێكهێنانى حكومه‌تى داهاتوو و ئه‌و ناكۆكییانه‌ى لە نێوان پێكهاتەكان ‏بەجیا و هەروەها خودی پێكهاتەكان، لە نموونەی شیعە، دروستبوون، برێت مه‌كگۆرك ‏سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستانی كرد.‏

دواى وه‌رگرتنى پۆسته‌كه‌ى، ئەوە دووەم جارە مەكگۆرك سەردانی عێراق بكات، ‏لەسەردانەكەی دووەمیدا، كە چەند ڕۆژی ڕابردوو بوو، هه‌ردوو باڵیۆزى وڵاته‌كه‌ى له‌ ‏عێراق و هه‌رێم بباته‌ لاى به‌رپرسانى عێراق و هه‌رێم و ورده‌كاریی ئه‌و هه‌وڵانه‌ى باس ‏بكات كه‌ سه‌رقاڵى به‌ جێگه‌یاندنیه‌تى.‏

مه‌كگۆرك كار له‌سه‌ر چی ده‌كات و چی به‌ یه‌كێتى وت؟ ‏

مه‌كگۆرك له‌سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ هه‌رێمى كوردستان، لەنێو بەرپرسانی هەرێمی كوردستان ‏سه‌رۆكى هه‌رێمى بینی، له‌نێو حزبه‌كانیش ته‌نها یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانى بینى و  له‌گه‌ڵ بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانى و قوباد تاڵه‌بانى كۆبووەوە، ئه‌و دوو دۆسیەیەشی ‏ئاشكراكرد، كه‌ له‌ سەردانەكەیدا كاری له‌سه‌ركردووە.‏

به‌ گوێره‌ى زانیارییه‌كانى تۆڕی میدیایی ئێستا، كه‌ له‌سه‌رچاوه‌ تایبه‌ته‌كانیه‌وه‌ ‏ده‌ستیكه‌وتووه‌، برێت مه‌كگۆرك له‌ ئێستادا كاردەكات له‌سه‌ر پرسی داهاتووى سوریا و ‏دۆزى كورد له‌و وڵاته‌ و ئه‌و مافانه‌ى كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ كوردانی ڕۆژئاوا، ئامانجه‌كانیشی ‏بۆ یه‌كێتى ڕوونكردووه‌ته‌وه‌.‏

هه‌روه‌ها دۆسیەی دووه‌م، كه‌ به‌رپر‌سه‌ باڵاكه‌ى ئه‌مریكا، كه‌ به‌ پیاوی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى ‏بڕیاره‌كان له‌ عێراقدا ناسراوه‌، ئه‌وه‌یه‌، حكومه‌تى داهاتووى عێراق چۆن بێت و پێكهاته‌ى ‏حكومه‌ته‌كه‌شى به ‌وردى بۆ بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانى و قوباد تاڵه‌بانى ڕوونكردووه‌ته‌وه‌. ‏

له‌سه‌ر ئه‌و پرسه،‌ مه‌كگۆرك جەختى له‌ پێویستى چارەسەرکردنی سیاسییانەی کێشەکان و ‏پەنابردن بۆ دیالۆگ و زمانی گفتوگۆ كردووه‌ته‌وه، تەنانەت له‌ نێوخۆی هه‌رێمی ‏كوردستان داوایكردووه‌ كورد به‌ یه‌ك تیم بچنه‌ دانوستانه‌كانه‌وه‌. ‏

هه‌روه‌ها مه‌كگۆرك به‌ بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانى و قوباد تاڵه‌بانى وتووه‌، كار له‌سه‌ر ‏به‌ركه‌وته‌ى كورد له‌ حكومه‌تى داهاتوو و به‌ركه‌وته‌ى پێشمه‌رگه‌ له‌ چێوه‌ى سیستمى ‏وه‌زاره‌تى به‌رگری ده‌كات، به‌تایبه‌ت به‌هۆی ئه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ له‌شه‌ڕی داعشدا ‏ڕۆڵی به‌رچاوى بینیوه‌، بۆیه‌ داوایكردووه‌ یه‌كێتى به‌جددى كار له‌سه‌ر ڕێكخستنه‌وه‌ى ‏هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ بكات. ‏

بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانى چی به‌ مه‌كگۆرك و شانده‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ وت؟ ‏

له ‌كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ برێت مه‌كگۆركدا، بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانى و قوباد تاڵه‌بانى ‏به‌گرنگییه‌وه‌ ئاماژەیان بە ھەوڵەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد بۆ ئە‌وە‌ی ‏نوێنە‌رانی كوردستان بە‌یە‌ك تیم بچنە‌ بە‌غداد.‏

هه‌روه‌ها بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانى دیدگای ڕوونی یەکێتیی ئاشکراکرد، کە پەرۆشی ڕەخساندنی ‏زەمینەی پێکەوەیی و چارەسەرکردنی گرفتەکانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی گشتی و ‏وتویه‌تى، “دەمانەوێت وەک نوێنە‌رانی کوردستان بە یەک تیم بچینە بەغداد و لەگەڵ ‏دۆستەکانمان لەسەر بنەمای دەستوور گفتوگۆ بکەین و پارێزگاری لە مافە نەتەوەیی و ‏یاساییەکانمان بکەین، کە سەرخستنی ئەم نییەتە زامنی عێراقێکی بەھێز و ھەرێمێکی ‏پارێزراو دەبێت”، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتبوو.‏

دوایین هه‌ڵوێستى ئه‌مریكا له‌باره‌ى كشانه‌وه‌ى سه‌ربازانى وڵاته‌كه‌ى چیه‌؟ ‏

برێت مه‌كگۆرك له‌ كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆمار، سه‌رۆك وه‌زیران و ڕاوێژكارى ‏ئاسایشی نیشتمانیی عێراق له‌باره‌ى كشانه‌وه‌ى سه‌ربازانى وڵاته‌كه‌ى جه‌ختى ‏له‌وه ‌كردووه‌ته‌وه‌، پابه‌نده‌ بە جێبه‌جێكردنى ئەنجامەكانی دیالۆگی ستراتیژیی نێوان عێراق ‏و ئه‌مریكا و كشانه‌وه‌یان له‌ عێراق، به‌ڵام وتوشیه‌تى، به‌شێك له‌ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان ‏داوایانكردووه‌ ژماره‌یه‌ك سه‌ربازى ئه‌مریكى بمێننه‌وه‌، به‌هۆی به‌هێزبوونەوەى داعش و ‏مه‌ترسیی ئەگەری هەڵگیرسانی جه‌نگى ناوخۆیی نێوان لایەنە شیعییەكان له‌سه‌ر پێكهێنانى ‏حكومه‌تی داهاتوو. ‏

بەپێی زانیارییەكان، مه‌كگۆرك ئاماده‌یی ئەمریكای نیشانداوە ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ربازانى ‏وڵاته‌كه‌ى بهێڵێته‌وه‌ له‌پێناو هاوكاریكردنى عێراق، تا دواى پێكهێنانى حكومه‌ت و ‏سه‌قامگیربوونى دۆخى سیاسی و كه‌مبوونه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌كانى داعش، ئه‌وكات به‌ ته‌واوى ‏ڕێككه‌وتنی كشانەوەكە‌ جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.‏

بابەتی پێشتر

كازمی: بەدەست گەندەڵییەوە دەناڵێنین و گرنگینەدان بە شكۆی مرۆڤ هۆكاری توندوتیژییە

بابەتی دواتر

یوڤی بە مەرجی ئاڵوگۆڕ ئارسەر دەدات بە بایرن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
10
Share