لوتكەی كەنداو و ئەمریكا
پەرەپێدان و هەماهەنگی یان ئاساییكردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل؟

مستەفا كازمی و محەمەد بن سەلمان و جۆ بایدن

بڕیارە ئەمڕۆ كۆبوونەوەی لوتكەی كەنداو و ئەمریكا لە جەددە بەڕێوەبچێت، ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە وەك ئەوەی ڕاگەیەندراوە پەرەپێدان و هەماهەنگییە لەنێوان بەشداربووان، لەكاتێكدا شیعەكانی عێراق ناڕازین لەسەری و بە هەوڵێك بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل ناویدەبەن.

بڕیارە ئەمڕۆ كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا، سەرانی شەش وڵاتەكەی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو، هەروەها عێراق و میسر و ئوردن لە جەددە ئەنجامبدرێت.

لە كۆبوونەوەكەدا بڕیارە سەرۆكی ئەمریكا تاوتوێی نرخی داهاتووی نەوت، ڕێگاكانی زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت بەمەبەستی دابەزاندنی نرخی سوتەمەنی كە بەهۆی شەڕی ڕوسیاوە بەرزبووەتەوە بكات.

جگە لەوانە بەپێی وتەی گەورە بەرپرسێكی ئەمریكی، بایدن تاوتوێی توانا موشەكی و بەرگرییەكان دەكات، سەرەڕای ڕاگەیاندنی پارەداركردن بە بڕی ملیارێك دۆلار بۆ ئاسایشی خۆراك لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا.

دوێنێ بایدن گەیشتە سعودیە كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ سەلمان بن عەبدولعەزیز شا و محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشین و گەورە بەرپرسانی دیكەی شانشین ئەنجامدا.

جیك سۆلیڤان ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا كە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لەناو فڕۆكەی سەرۆكایەتی لەكاتی گواستنەوەیان لە ئیسرائیلەوە بۆ جەدە وتی، لەمیانەی لوتكەكەدا بایدن “ڕوانین و ستراتیجی حۆی بە ڕوونی و بەشێوەی بابەتی” پەیوەندیدار بە ڕۆچوونی ئەمریكا بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخاتەڕوو و ڕوونیشیكردەوە، “سوورە لەسەر زامنكردنی دروستنەبوونی بۆشاییەك لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا” كە لەلایەن ڕوسیا و چین-ەوە پڕبكرێتەوە.

پاش كۆبوونەوەكانی دوێنێ، هەردوولا 18 ڕێككەوتن و یاداشتی هەماهەنگیی هاوبەشیان لە بوارەكانی وزە، وەبەرهێنان، پەیوەندییەكان، بۆشایی ئاسمان و تەندروستی واژووكرد، لەوانەش پەرەپێدانی جێبەجێكردنی نەوەی پێنجەمی ئینتەرنێت، وەك ئەوەی میدیای فەرمیی سعودیە بڵاویكردەوە.

یەكەم ڕێككەوتنی ئابوریی نێوان هەردوو وڵات دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1933، لەوكاتەوە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات بەردەوامی هەیە.

عەبدولعەزیز حەمەد عوەیشق ئەمینداری گشتی بۆ كاروباری سیاسەت و وتووێژی ئەنجومەنی هاریكاریی وڵاتانی كەنداوی عەرەبی ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممە جۆ بایدن دووپاتیكردەوە كە ویلایەتە یەكگرتووەكان لەماوەی دواییدا هەڵەیكرد كە گرنگیی پێویستی بە ناوچەی كەنداو نەدا و وتی، كە ئەوە بۆشاییەكی هێنایە ئاراوە وڵاتانی دیكەی وەك چین و ڕوسیا هەوڵ بۆ پڕكردنەوەی دەدەن.

وتیشی، سەردانەكە گرنگی تایبەتی هەیە، بەهۆی ئەوەی هاوكاتە لەگەڵ قەیرانی شەڕ لە ئۆكرانیا كە كاریگەریی لەسەر ئەودوای ناوچەكانی جیهان دروستكردوە، جگە لەوەی لەكاتێكدایە كە ویلایەتە یەكگرتووەكان ڕووبەڕووی كێبڕكێیەكی توندی سیاسی و ئابوری لەگەڵ چین بووەتەوە بۆیە پێویستی بە سەرجەم هۆكارەكانی هێز هەیە تا ڕۆڵی خۆی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی نیشابدات.

جگە لەوەش ویلایەتە یەكگرتووەكان لە كەنداو ڕووبەڕووی ئالنگارییەكی دیكە دەبێتەوە كە ئەویش بارگرژییەكانی ئێرانە، كە خۆی لە شكستی گفتوگۆكانی پەیوەست بە ڕێككەوتنی ئەتۆمی و پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەكان لەلایەن تارانەوە و هەماهەنگی نەكردنی لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆمیدا دەبینێتەوە، عوەیشق وای وت.

عێراق و ئاساییكردنەوە
ئەگەرچی لە بەرنامەی لوتكەكەدا پرسەكانی وزە، هەماهەنگی و پەرەپێدانی هاریكاری نێوان وڵاتانی بەشداربوو كراوەتە ناونیشان، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا میدیا عێراقییەكان بڵاویانكردەوە، زۆربەی لایەنە شیعەییەكان، بێ ئەوەی بە فەرمی هیچ بڵێن، نیگەرانن لە بەشداریكردنی مستەفا كازمی لە لوتكەكەدا، پێیانوایە ئامانجی لوتكەكە نزیككردنەوەی وڵاتانی عەرەبییە لە ئیسرائیل و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانە لەگەڵ تەلئەبیب.

هەفتەی ڕابردوو میدیاكانی سەر بە لایەنە شیعییەكان هێرشی توندیان كردەسەر كازمی و ڕایانگەیاند، حكومەتی كاربەرێكەر دەسەڵاتی ئەوەی نییە بڕیار لەبارەی سیاسەتەكانی عێراق و ئاساییكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بدات، مەترسیی ئەوەشیان نەشاردووەتەوە كە هەنگاوێكی لەو شێوەیە عێراق بكاتە مەیدانی ململانێی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان، بەوپێیەی هەنگاوێكی لەو شێوەیە دوورخستنەوەی عێراقە لە ڕوسیا و ئێران.

وەك وەڵامێكی ناڕاستەوخۆ بۆ ئەو دەنگۆیانە نووسینگەى ڕۆژنامەوانیى سەرۆک وەزیرانى عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، بەشدارییەكەی مستەفا كازمی لەو لوتکەیەدا لەسەر بانگهێشتنامەى شا سەلمان بن عەبدولعەزیز پادشاى سعودیە بووە و “لە چێوەى بەردەوامیى پابەندبوونى حکومەتی عێراقە بە پەرەپێدانى پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان”.

ئاماژەی بەوەشكرد، “لەو لوتکەیەدا پرسەکانى وزە، ئاسایشى خۆراک، ئاڵنگارییە ژینگەییەکان و هەماهەنگیی نێوان گەلانى ناوچەکە تاوتوێ دەکرێن”.

شەوی ڕابردووش مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە فڕۆكەخانەی بەغداد بەر لە دەستپێكردنی گەشتەكەی بەرەو سعودیە ڕایگەیاند، عێراق نابێتە شوێنی هەڕەشە بۆسەر وڵاتانی دراوسێ.

كازمی وتی، “ئەجێندای كۆنگرەكەی سعودیە كە بانگێشتنامەی بەشداریكردنمان پێگەیشتووە، بە ئامادەبوونی ئەنجومەنی هاریكاریی كەنداو، عێراق و میسر و ئوردون، سەرەڕای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، تاوتوێكردنی هەماهەنگییە لە بوارەكانی ئابوری، وزە و ئەو ئالنگارییانەی پەتای كۆرۆنا هێناویەتە ئاراوە، هەروەها قەیرانی ئاسایشی خۆراك و گۆڕانی ئاووهەوا.

ئاماژەی بەوەشكرد، دەنگۆی دیكە لەبارەی ئامانجی لوتكەكە هەوڵدانە بۆ شێواندن، هیچ بنەمایەكی ڕاستی نییە، هەوڵدانە بۆ دوورخستنەوەی عیراق لەو ڕۆڵە دیارەی لە ناوچەكەدا دەیگێڕێت، هەروەها ڕێگرییە لەوەی حكومەت ئەركەكانی خۆی جێبەجێبكات بۆ خزمەتكردنی گەل و، ڕاكێشانی وەبەرهێنان و پاڵپشتی لە بەرژەوەندیی عێراق.

دەربارەی ئەو دەنگۆیانەش كە گوایە لوتكەكە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانە لەگەڵ ئیسرائیل، سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، “هەڵوێستی عێراق لە پرسی فەلەستین-دا جێگیر و ڕوونە، ئێمە لە چێوەی هیچ جەمسەرگیری و هاوپەیمانییەكی ناوچەكەدا نین” عێراق پارێزگاری لە سیاسەتی هاوسەنگی خۆی لەگەڵ دراوسێكانی و دەوروبەرەكەی دەكات لە سۆنگەی بنەما نیشتمانی و مرۆییەكانی.

بابەتی پێشتر

نێیمار توشی پێكان بووە

بابەتی دواتر

ئاستی پیسبوونی ژینگەی عێراق بەرزە و ڕێژەی سەوزاییش کەمبووەتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share