مستەفا کازمی دوای بڵاوکردنەوەی مەرجەکانی موقتەدا سەدر ڕایگەیاند، داوا لە لایەنەکانی عێراق دەکەم سوود لە دەستپێشخەرییەکەی موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر وەربگرن کە لە میانیی بەڕێوەجوونی وتاری هەینیی یەکگرتوویی ئەمڕۆدا خستییەڕوو.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کە بەرلە بەڕێکەوتنی بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جدە ئەنجامیدا ڕایگەیاند، “دەستپێشخەرییەکەی موقتەدا سەدر دەستپێشخەرییەکی نیشتمانییە، دەبێت هەموو لایەک سوپاسی ئەو دەستپێشخەرییە بکەین و لایەنەکان بەهەند وەریبگرن”
کازمی وتی، “دەبێت چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزینەوە و حکومەتێکی نیشتمانی پێکبهێنرێت کە خزمەت بە تەواوی عێراقییەکان بکات، پێویستمان بە ئارامی، دانایی و لێبوردەییە”.
مستەفا کازمی سەبارەت بە لوتکەی جدە ڕایگەیاند، “کۆنگرەکە تایبەتە بە گفتوگۆکردن لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا و دۆسییەکانی تایبەت بە وزە، بەهیچ شێوەیەک باس لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل ناکرێت”.
وتیشی، “عێراق نە ئەمڕۆ و نە سبەینێ و نە هیچ کاتێک نابێتە بەشێک لە هیچ هاوپەیمانییەکی سەربازی، ناشبێتە مەترسی بۆ سەر هیچ وڵاتێکی دیکە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا تاوتوێی ڕێککەوتنی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات دەکەن لەڕووی ئابوری و تەندروستییەوە.